لە کابینەی نۆیەمدا 933 مزگەوت و شوێنی ئایینی نۆژەنکراونەتەوە و دروستکراون

بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان هەشت پێکهاتەی ئایینی هەن و بە ئاشتی و تەبایی بەیەکەوە دەژین.

بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، زانیاریی نوێی لەبارەی شوێنە ئاینییەکان و رەوشی پێکەوەژیان لەنێوان پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، رایگەیاند، بەپێی یاسای ژمارە 5ـی ساڵی 2015ـی پەرلەمانی عێراق، هەشت پێکهاتەی ئایینی لە هەرێمی کوردستاندا بە فەرمی هەن.

پێنجشەممە 10ـی ئەیلوولی 2026، نەبەز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەرجەم ئەو پێکهاتە ئایینییانەی لە هەرێمی کوردستان هەن، نوێنەرایەتییان لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتیی پێکەوەژیانی ئایینەکان لە وەزارەتی ئەوقاف هەیە، گوتیشی: بەڕێوەبەرایەتییەکە سەربەخۆیە و هەموو ئایینەکان بە ئازادی سەرجەم چالاکییەکانی خۆیانی تێدا ئەنجامدەدەن.

سەبارەت بە ژمارەی پەرستگە و شوێنە ئایینییەکان، بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر گوتی: ئێستا لە هەرێمی کوردستان 6 هەزار و 244 مزگەوت و 151 کەنیسە هەن، هەروەها 400 شوێنی پیرۆزی هاوبەش لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی وەک (موسڵمان، مەسیحی، ئێزدی و ئەوانی دیکە) هەن کە هێمای قوڵیی گیانی پێکەوەژیانن.

هەروەها نەبەز ئیسماعیل جەختیکردەوە،، پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان رەگ و ریشەیەکی مێژوویی قووڵی هەیە و پەیوەندییەکی زۆر بەتین و برایانە لە نێوان سەرجەم ئایین و پێکهاتەکاندا هەیە، خۆشبەختانەش تاوەکو ئێستا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان هیچ سکاڵایەک لەسەر کێشەی ئایینی یان دژایەتیکردنی یەکتری تۆمار نەکراوە.

بەگوێرەی ئاماری فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تەنیا لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا، 653 مزگەوت و شوێنی ئایینیی دروستکراون، هاوکات 280 شوێنی دیکەش نۆژەنکراونەتەوە.