وەزارەتی خوێندنی باڵا: کۆتایی هەفتەی داهاتوو زانکۆلاین کارا دەکرێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەنجامی سەرجەم دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە وەزارەتی پەروەردەوە گەیشتووەتە وەزارەتەکەیان و لە کۆتایی هەفتەی داهاتوودا سیستەمی "زانکۆلاین" بە فەرمی کارا دەکرێت.

عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی ئەیلوول، ئەنجامی 40 هەزار و 716 دەرچووی قۆناغی 12ـی ئامادەیی لە بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە رادەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا کراوە و دەستبەجێ ئامادەکارییە تەکنیکییەکان بۆ پرۆسەی دابەشکردنی قوتابییان دەستیپێکردووە.

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای تەواوکردنی رێکارەکان لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا، لە کۆتایی هەفتەی داهاتوو پۆرتاڵی زانکۆلاین بە فەرمی کارا دەکرێت، بەمەش لە یەک کاتدا 30 هەزار و 847 دەرچووی بەشی زانستی، حەوت هەزار و 923 دەرچووی بەشی وێژەیی، هەزار و 240 دەرچووی ئامادەیی پیشەیی و 706 دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن.

هەروەها عەباس ئەکرەم باسی لەوە کردووە، دەرچووان دەتوانن بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 داواکاری بۆ هەرسێ جۆری خوێندنی گشتی (زانکۆلاین)، پارالێڵ و ئێواران لە تەواوی 16 زانکۆی حکوومیی هەرێمی کوردستان پێشکەش بکەن تاوەکو بەپێی نمرە و شایستەیی خۆیان لە بەش و کۆلێژە جیاوازەکان وەربگیرێن.

هاوکات، هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، پەیمان خواجە گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و قوتابخانە نێودەوڵەتییەکانی سەر بە سیستمەکانی ئەمریکی، بەریتانی و ئای بی، بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نێردرا.