دەستەی دەریایی بەریتانیا: لە کەناراوەکانی عومان دوو کەشتی رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە

دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، راپۆرتێکی لەبارەی رووداوێکی ئەمنی پێگەیشتووە تێیدا دوو کەشتی لە دووریی چوار میلی دەریایی لە رۆژئاوای خەسەب لە عومان رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە.

هەینی 11ـی ئەیلوولی 2026، دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، زانیارییان پێدراوە لەبارەی کەوتنەوەی ئاگر لە نێو یەکێک لە کەشتییەکاندا پاش ئەوەی بە چەندان مووشەک یان کەرەستەی تەقەمەنی پێکراون، بێ ئەوەی زانیاریی تەواو لەسەر دۆخی کەشتیی دووەم لەبەردەستدا بێت.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" لە زاری دەستە بەریتانییەکەوە بڵاویکردەوە، کاپتنی کەشتییەک لە نزیک شوێنی رووداوەکە راپۆرتی داوە کە پێکانی ئەو دوو کەشتییەی بە چوار مووشەک بینیوە لە دووریی شەش میلی دەریایی لە باکووری شوێنی لەنگەرگرتنی خۆیەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە یەکێکیاندا، لە کاتێکدا هێشتا دۆخی کەشتییەکەی دیکە بە تەواوی روون نەبووەتەوە.

ئەم هێرشانە هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا. هاوکات هێرشی سەر کەشتییە بارزگانییەکان لە گەرووی هورمز و بابولمەندەب لەگەڵ هەڵکشانی گرژییەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.