65 ساڵ بەسەر شۆڕشی مەزنی ئەیلوول تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ 65 ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە رابەرایەتیی بارزانیی نەمر تێدەپەڕێت؛ ئەو شۆڕشەی کە وەک گەورەترین و درێژترین شۆڕشی چەکداری و نەتەوەیی لە مێژووی هاوچەرخی باشووری کوردستاندا تۆمار کراوە و بووە چەتری کۆکەرەوەی تەواوی پێکهاتەکان لە یەک سەنگەری بەرگریدا.

شۆڕشی ئەیلوول وەچەرخانێکی بنەڕەتی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورددا دروستکرد. بەهۆی دیدگای نەتەوەیی و گشتگیریی مەلا مستەفا بارزانی، شۆڕشەکە سنووری ناوچەیی و ئایینیی تێپەڕاند و سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستانی لە پێناو مافە رەواکانیاندا لە دەوری یەک ئامانج کۆکردەوە. پێکهاتەکانی کوردستان دووپاتی دەکەنەوە کە کارێزما و رابەرایەتیی بارزانی وایکردبوو هەر یەک لە پێکهاتەکان، خۆیان بە خاوەنی شۆڕش بزانن و بە هەموو توانایەکەوە پشتیوانی لێ بکەن.

شۆڕشی مەزنی ئەیلوول توانی بۆ یەکەمین جار تەواوی خاکی باشووری کوردستان لە زاخۆوە تا خانەقین لەژێر یەک ئاڵا و یەک ئامانجی نەتەوەییدا یەکبخات، لە سایەی ئەم شۆڕشەدا، پێشمەرگە وەک هێزێکی داڕێژراو و بەرگرییکاری نیشتمانی رێکخرایەوە کە توانی بەرامبەر گەورەترین هێرشە سەربازییەکانی حکوومەتی ئەو کاتی عێراق خۆڕاگری بکات و ئیرادەی گەل بسەلمێنێت.
گەورەترین دەستکەوتی سیاسیی شۆڕشی ئەیلوول، ناچارکردنی دەسەڵاتدارانی بەغدا بوو بە ملدان بۆ داوا رەواکانی گەلی کورد، کە لە ئەنجامدا رێککەوتننامەی مێژوویی 11ـی ئازاری 1970ـی لێکەوتەوە:

بۆ یەکەمین جار لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا، بە فەرمی دان بە مافی "ئۆتۆنۆمی" بۆ گەلی کورد نرا و زمانی کوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی وەک زمانی فەرمی لە ناوچە کوردییەکان ناسێندرا.
هاوتەریب لەگەڵ خەباتی چەکداری، شۆڕش گرنگییەکی زۆری بە کایەی شارستانی و مەدەنی دا؛ لە ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕشدا، بۆ یەکەمین جار خوێندن بە زمانی دایک دەستیپێکرد و چاپەمەنی و ڕۆشنبیری پەرەی پێدرا. هاوکات دامودەزگای بەڕێوەبردن و دەسەڵاتی دادوەری دامەزرێنران، کە ئەمەش بنەمایەکی پتەوی بۆ حوکمڕانی و هۆشیاریی نەتەوەیی لە قۆناغەکانی دواتری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا داڕشت.