سەرۆک بارزانی: شۆڕشی ئەیلوول ئیلهامبەخشی خەباتکارانی تەواوی پارچەکانی دیکەی کوردستان بوو

لە شەست و پێنجەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا، سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، شۆڕشی ئەیلوول لەژێر ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمردا، بووە سەرچاوەی هێز و ئیلهامبەخش بۆ قۆناغەکانی دواتری خەبات لە سەرجەم پارچەکانی کوردستاندا.

ئەمڕۆ هەینی، 11ـی ئەیلوولی 2026، سەرۆک بارزانی رایگەیاند: ئەمڕۆ 65 ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا تێدەپەڕێت، شۆڕشێکی سەرتاسەری بوو کە تێیدا سەرجەم چینوتوێژەکانی کۆمەڵگە بەشدارییان لە خەباتی نەتەوەیی و دیمۆکراسیخوازیی گەلەکەیاندا کرد، لەوانە: پێشمەرگە، سیاسی، ڕێکخستنەکان، زانایانی ئایینی، مامۆستایان، ئەدیبان، ڕۆشنبیران، گەنجان و ئافرەتان.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە شۆڕشی ئەیلوول هەڵقوڵاوی ئیرادە، باوەڕبەخۆبوون و شکۆی مرۆڤی کوردستانی بوو، هاوکات بناغەیەکی پتەو و رێکخراو بوو بۆ بەردەوامیی تێکۆشان و وەستانەوەی گەلی کوردستان لە بەرامبەر زۆرداریدا.

دەشڵێت "ئەم شۆڕشە مەزنە، بە بەها بەرزەکانی و بە پێداگری و خۆڕاگریی بێوێنەی سەرکردایەتی، پێشمەرگە و جەماوەر، دۆزی رەوای گەلەکەمانی بە هەنگاوی گەورە بەرەو پێشەوە برد و بووە سەرچاوەی هێز بۆ قۆناغەکانی دواتر و خەباتگێڕانی کورد لە تەواوی پارچەکانی دیکەی کوردستان."

هەر لە پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی پێزانینی خۆی بۆ رۆڵی مێژوویی تەواوی ئەو پێشمەرگە و خەباتکارە قارەمانانە دووپات کردەوە کە بەشدارییان لە تۆمارکردنی ئەم سەروەرییە نیشتمانییەدا کردووە، چ ئەو شەهیدە نەمرانەی لە شۆڕشەکەدا گیانی خۆیان بە خاکی نیشتمان بەخشی یان ئەوانەی لە ژیاندا نەماون، و چ ئەو رۆڵە سەربەرزانەی کە تا ئێستاش وەک شایەتحاڵی زیندووی مێژوو لە ژیاندا ماون و دووپاتیکردەوە کە "ئەو قارەمانانە هەوێنی دروستکردنی سەروەری بوون بۆ گەلەکەیان و جێگەی شانازین."