پاکێجی پشتیوانیی حکوومەت بۆ بێسەرپەرشتان، لە باخچەی ساوایانەوە تا دامەزراندن

بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر رایگەیاند، بۆ ساڵی نوێی خوێندن، 78 قوتابیی نێو خانەکانی بێسەرپەرشتان لە ئاستە جیاوازەکاندا درێژە بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن دەدەن و بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتیش تەواوی تێچووی خوێندنیان لە باخچەی ساوایانەوە تا قۆناغی زانکۆ لە ئەستۆی حکوومەت دەبێت.

هەینی 11ـی ئەیلوولی 2026، یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 روونیکردەوە، هاوشانی دابینکردنی ئاسایش و پێداویستییەکانی ژیان، گرنگییەکی زۆر بە خوێندنی منداڵانی نێو خانەکان دراوە، لەو پێناوەشدا هەماهەنگیی تەواو لەنێوان وەزارەتی کار، وەزارەتی پەروەردە و زانکۆ حکوومی و ئەهلییەکاندا هەیە بۆ ئەوەی منداڵانی نێو خانەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک لە خوێندن بێبەش نەبن.

سەبارەت بە کێشەی ئەو منداڵانەی بەهۆی ناکۆکیی کۆمەڵایەتیی نێوان باوانەوە بێ ناسنامە ماونەتەوە، چاوشین ئاشکرایکرد، هەوڵەکانی وەزارەت بەردەوامە و تا ئێستا کارتی نیشتمانی بۆ 14 منداڵ دەرهێنراوە، هەروەها بە فەرمانی حکوومەت و بە نووسراوی فەرمیی وەزارەتی کار، رێگە بە سەرجەم ئەو منداڵانە دراوە لە ناوەندەکانی خوێندندا درێژە بە خوێندن بدەن تا ئەو کاتەی کێشەی بەڵگەنامەکانیان بە یەکجاری چارەسەر دەکرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی هەولێر رایگەیاند،، ئەو نەوجەوانانەی تەمەنیان دەگاتە 18 ساڵ دەتوانن لە زانکۆ حکوومی و ئەهلییەکان درێژە بە خوێندن بدەن و تێچووەکانیان لەلایەن حکوومەت و دەزگا خێرخوازییەکانەوە دابین دەکرێت، لە دوای تەواوکردنی زانکۆش راستەوخۆ بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت دادەمەزرێن، هاوکات ئەو کەسانەشی ئارەزووی خوێندن ناکەن و خانەکان جێدەهێڵن، هەر بە بڕیاری سەرۆکوەزیران هەلی کاریان بۆ دابین دەکرێت تا بێکار نەمێننەوە.

لای خۆیەوە، تانیا جەمال، سەرپەرشتیاری بەشی پەروەردەیی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، بۆ ئەمساڵی خوێندن 78 قوتابی بێسەرپەرشت لە ئاستە جیاوازەکاندا دەخوێنن و بەپێی پارێزگاکان بەم شێوەیە دابەش بوون، لە پارێزگای هەولێر، 33 قوتابی (10 کچ و 23 کوڕ) دوانیان لە باخچەی ساوایانن، لە سلێمانی، 27 قوتابی (13 کچ و 14 کوڕ)، هەروەها لە دهۆک 18 قوتابی (12 کچ و 6 کوڕ).