چاودێریی بازرگانیی هەولێر: 649 شوێنکار سزادران و 51 شوێنیش داخران

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی هەولێر لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، نزیکەی هەشت هەزار سەردانی چاودێری ئەنجامدراون، 649 شوێنکار سزادراون و 51 شوێنیش داخراون.

هەینی 11ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راپۆرتی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی هەولێر، لەو ماوەیەدا تیمەکانی چاودێریی بازاڕ 7 هەزار و 964 سەردانی مەیدانییان بۆ بازاڕ و ناوەندە بازرگانییەکان ئەنجامداوە، 4 هەزار و 817 سەردانیان لە کاتی بەیانیان و 3 هەزار و 147 سەردانیشیان لە ئێواراندا بووە، لە رووی جۆری شوێنەکانیشەوە، زۆرترین سەردان بۆ مارکێتەکان بووە بە 2 هەزار و 404 سەردان، دوای ئەویش کۆمپانیا و کۆگا و کارگەکان بە هەزار و 149 سەردان، دووکانی گۆشت و مریشکفرۆشان بە 960 سەردان، نانەواخانە و سەموونخانەکان بە 958 سەردان، و سەوزە و میوەفرۆشان بە 825 سەردان دێن.

سەبارەت بە سەرپێچی و رێکارە یاساییەکانیش، لە ئامارەکەدا هاتووە، 649 شوێن بەهۆی سەرپێچیکردن لە رێنماییەکان سزادراون، هاوکات زۆرترین سزا بەر مارکێتەکان کەوتووە بە 192 سزا، هەروەها 166 سزای کۆمپانیا و کۆگاکان، 80 سەموونخانە، 64 گۆشتفرۆش، 47 سەوزە و میوەفرۆش، 30 چەرەزاتفرۆش و 27 نانەواخانە تۆمارکراون، هەروەها 51 شوێنکاریش بەهۆی سەرپێچیی گەورەوە بڕیاری داخستنیان بۆ دەرکراوە، و بڕی ئەو سزایە داراییەی لە سەرپێچیکاران وەرگیراوە گەیشتووەتە 107 ملیۆن و 524 هەزار دینار.

چاودێری بازرگانی هەولێر جەختیکردووەتەوە،، لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان و رێگریکردن لە ساغکردنەوەی خۆراکی خراپبوو، دەست بەسەر 199 تۆن کەلوپەل و خۆراکی ماوەبەسەرچوودا گیراوە، هاوکات دەست بەسەر 51 دانە جگەرەی ئەلیکترۆنی (ڤەیپ)ـی ماوەبەسەرچووشدا گیراوە.

هەر بەگوێرەی ئامارەکان، لە ماوەی ئەو هەشت مانگەدا 941 هەزار و 563 کارتۆن هێلکەی بەرهەمی ناوخۆ لە هەولێرەوە رەوانەی دەرەوەی شارەکە کراوە، هەروەها لە چوارچێوەی پاڵپشتیکردنی کارگە و نانەواخانەکانیشدا، زیاتر لە دوو ملیۆن لیتر گازی شل بە نرخی دیاریکراو بەسەر سەدان سەموونخانەی هەولێردا دابەشکراوە.