بەقایی: نابێت گرنگیی تاران و وڵاتانی ناوچەکە بە کەم سەیر بکرێت

ئێران: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کاتی پێویستە

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دانی بەوەدا نا کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بە شەو و رۆژێک روونادات.

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، کشانەوەی سەربازانی بیانی لە ناوچەکەدا شتێک نییە بە شەو و رۆژێک رووبدات، بەڵام نابێت گرنگیی گفتوگۆ نێوان تاران و وڵاتانی ناوچەکە کەم سەیر بکرێت.

ئێوارەی هەینی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، بەقایی روونیکردەوە، دەبێت ئاسایشی ناوچەکە لە رێگەی گفتوگۆی نێوان وڵاتانی ناوچەکە و بەبێ ئامادەبوونی هێزە بیانییەکان دابین بکرێت.

بەقایی روونیکردەوە، شەش مانگی رابردوو شاهیدی رووداوی گرنگ بوون. سەرەڕای ئەوەی ئێران بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لەسەر خاکی هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە کردووەتە ئامانج، بەڵام هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە نایەوێت شەڕ لەگەڵ ئەو وڵاتانە بکات و رێز لە سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەییی خاکیان دەگرێت.

هێزەکانی ئەمریکا و فڕۆکەهەڵگرەکان بەردەوامن لە گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران. هاوکات لەگەڵ ئەمەش، واشنتن فشارە ئابوورییەکان و سزاکانی لەسەر تاران چڕتر کردووەتەوە. گەمارۆی ئەمریکا لەسەر جموجۆڵی کەشتیوانیی پەیوەست بە ئێران، بووەتە هۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی خاوی ئێران لەو کاتەوەی سزاکان لە ناوەڕاستی تەممووزی رابردوودا بەسەریدا سەپێنراون. ئەم دۆخەش تارانی لە دراوی بیانی بێبەش کردووە، بەتایبەتی لە کاتێکدا نرخەکان بەرزبوونەتەوە و بەهای دراوی ناوخۆ دابەزیوە.

لەلایەکی دیکەوە، پاکستان هەوڵەکانی بۆ هاندانی هەردوولا بۆ گەڕانەوە بۆ مێزی دانوستاندن نوێ کردووەتەوە. هەینی، بەرپرسێکی پاکستانی روونیکردەوە، دانوستاندن لە نێوان عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان پێنجشەممەی رابردوو بەڕێوەچووە. لەو کۆبوونەوەیەدا جەخت لەسەر رێگریکردن لە فراوانبوونی شەڕی نێوان واشنتن و تاران، ئەگەری گەڕانەوە بۆ دانوستاندنەکان و هێورکردنەوەی گرژییەکان کراوەتەوە.