سوید.. هەردی کوردە دوو کاری هونەری دەنگ لە فێستیڤاڵێکی هونەری پێشکەش دەکات
هەردی کوردە، هونەرمەندی موزیکژەنی کورد، دوو کاری هونەری بە ناوی هاوئاهەنگیی تۆ و بەکارهێنانەوەی شتەکان، لە فێستیڤاڵی هونەری دەنگی گۆتەنبەرگ لە سوید پێشکەش دەکات.
شەممە، 12ی ئەیلوولی 2026، هەردی کوردە، هونەرمەندی موزیکژەنی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "کارە هونەرییەکەم تەنیا لە چوارچێوەی سنوورە باوەکانی موزیکدا نییە، بەڵکو هەوڵ دەدەم ماددە دەنگییە نامۆ و ئاماژەپێکەرەکان، بێدەنگییە چاوەڕوان نەکراوەکان و دەنگە ئاڵۆزەکان کۆبکەمەوە و لە رێگەی ئامێری وەرگرتنی هێماکانی رادیۆ و ئامرازە دەنگییە جۆراوجۆرەکانەوە، شێوەیەکی جیاواز لە ئەزموونی گوێگرتن دروست بکەم."
هەردی کوردە سەبارەت بە کارەکانی خۆی گوتی، "کاری هونەریی من لە نێوان داهێنان و دروستکردنی دەنگ لە کاتی پێشکەشکردندا، پێکهێنانی بەرهەمی دەنگی و نمایشکردنی دەنگدایە. لە کارەکانمدا گرنگیی بەو دەنگانە دەدەم کە لە ژینگە و دەوروبەرەوە دێن و هەندێکجار لە سنووری دەرەوە دەچن کە بە شێوەی باو بە موزیک دەناسرێت."
کوردە جەختی لەوەش کردەوە، "ئەم کارەم لە یاداشتەکانی پشکنینی تەندروستیی دایکییەوە سەرچاوەی گرتووە و لە رێگەی دەنگەوە پەیوەندیی نێوان جەستە، بیرەوەری و هەست دەخاتە بەردەست و لە پێشکەشکردنەدا ئامێری پشکنینی کارکردنی دڵ، هەناسە و دەنگە ژێرەدەنگەکان بەکاردەهێنم و زانیاریی لێدانی دڵی بەشداربووان بە شێوەی راستەوخۆ دەگۆڕدرێت بۆ ئەنجامێکی دەنگی و دەبێتە بەشێک لە پڕۆسەی پێشکەشکردنەکەم."
دەربارەی موزیکی لە هاوئاهەنگیی تۆدا، کوردە دەڵێت، "لە هاوئاهەنگیی تۆدا سەرنجی سەرەکی من لەسەر ئەوەیە چۆن دەتوانین جەستە و بیرەوەری لە رێگەی دەنگەوە پەیوەندییان پێوە بکەین. لێدانی دڵی بەشداربووان تەنیا زانیارییەکی تەندروستی نییە، بەڵکو دەتوانێت ببێتە بەشێک لە زمانی دەنگی و هونەری پێشکەشکردنەکەم."
ئەوەشی گوت، "لە کاری دووەم، کە بەکارهێنانەوەی شتەکانە، من شتە دۆزراوە و بەکارهاتووەکان دەکەمە سەرچاوەی دروستکردنی دەنگ. لەم کارگەی فێرکارییەدا شتەکانی دەوروبەر و ماددە بەکارهاتووەکان، لەبری ئەوەی تەنیا وەک شتێکی بێ بایەخ ببینرێن، دەکرێنە کەرەستەیەکی هونەری بۆ دروستکردنی دەنگ و نیشانەنووسینێکی نەخشەیی بۆ شوێن."
سەبارەت بە بەکارهێنانەوەی شتەکان لە پێشکەشکردنی ئەو دوو کارەدا، هەردی کوردە دەڵێت، "لە بەکارهێنانەوەی شتەکاندا دەمەوێت سەرنج لەسەر شتە سادە و بەکارهاتووەکانی دەوروبەر بێت. ئەو شتانە دەتوانن دەنگیان هەبێت و ببنە بەشێک لە پێکهێنانی بەرهەمێکی دەنگی. ئەمەش پەیوەندییەکی نوێ لەنێوان مرۆڤ، ژینگە و گوێگرتن دروست دەکات."
کوردە ئاماژەی بەوەش دا، "ئامانجم ئەوەیە گوێگر لە دەنگ تەنیا وەک دەنگێکی موزیکی لێی نەڕوانێت، بەڵکو هەست بکات دەنگ دەتوانێت بیرەوەری، جەستە، شوێن و ژینگە لەگەڵ یەکدا ببەستێتەوە. بۆ من ئەمە بەشێکە لە گەڕان بەدوای ئەزموونێکی نوێ بۆ گوێگرتن و دروستکردنی هونەری دەنگ."
فێستیڤاڵی هونەری دەنگی گۆتەنبەرگ، کە هەردی کوردە، هونەرمەندی موزیکژەنی کورد، دوو بەرهەمی هونەری پێشکەش دەکات، بڕیارە 22ی ئەیلوولی 2026، لە سوید بەڕێوەبچێت.
هەردی کوردە هونەرمەندی موزیکژەنی کوردە، لە بواری موزیکی ئەزموونی و هونەری دەنگی چالاکە. ئەو دکتۆرای موزیکی لە زانکۆی گۆڵدسمیس لە لەندەن بەدەستهێناوە و بە کارکردن لەسەر دەنگە نامۆ و پشتگوێخراوەکان ناسراوە. هەروەها دامەزرێنەری پلاتفۆرم و فێستیڤاڵی سپەیس21 و پڕۆژەی ئەرشیف خانەشی دامەزراندووە بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی دەنگ و موزیکی کوردستان. ناوبراو کارەکانی هەوڵێکن بۆ دۆزینەوەی توانای هونەری لە ناو دەنگەکانی ژینگە و ژاوەژاودا.