فوئاد حوسێن و هاوتا ئێرانییەکەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە پێگەیشت و تێیدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات، ئاسایشی سنوورەکان و دوایین پێشهاتە هەرێمییەکان تاوتوێ کران.
یەکشەممە 13ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوی فەرمیی هەردوو وەزارەتی دەرەوەی عێراق و ئێران، لە میانی پەیوەندییەکەدا باس لەو رێکارانە کرا پەیوەستن بە داخستنی ژمارەیەک لە دەروازە سنوورییەکان، هۆکارەکانی گرتنەبەری ئەو بڕیارە و رێگەکانی چارەسەرکردنیان، هاوکات جەخت لەسەر پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان و پێویستیی بەردەوامیی هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرایەوە.
هەروەها هەردوو وەزیر تاوتوێی ئەو هێرشەیان کرد کە کرابووە سەر سعوودیە و ئەو رێوشوێنانەی لەو بارەیەوە گیراونەتەبەر، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی کاری ئەو لیژنە هاوبەشەی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێنراوە.
تەوەرێکی دیکەی سەرەکیی گفتوگۆکە تایبەت بوو بەو کۆبوونەوەیەی بڕیارە لە عومان بە بەشداریی هەشت وڵاتی دراوسێ (وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، عێراق و ئێران) بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی تایبەت بە گەرووی هورمز بەڕێوە بچێت، لەمبارەیەوە فوئاد حسێن پشتگیریی عێراقی بۆ بەستنی ئەو کۆبوونەوەیە دەربڕی و رایگەیاند، شاندێکی عێراقی بەشداری لە کارەکانیدا دەکات.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا پێشهاتەکانی رەوشی یەمەنیان خستە بەرباس و جەختیان لە گرنگیی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە رێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە کردەوە، بە شێوەیەک بەشدار بێت لە رێگریکردن لە زیادبوونی ئاڵۆزییەکان، بەرفراواننەبوونی شەڕ و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری ناوچەکەدا.