حکوومەتی سووریا نرخی سەرجەم جۆرەکانی سووتەمەنی بەرز کردەوە

 حکوومەتی سووریا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی لە نرخی سەرجەم جۆرەکانی سووتەمەنیدا راگەیاند و بڕیارەکەش ناڕەزایەتیی زۆری لێ کەوتووەتەوە، لە هەمان کاتدا پارێزگای حەسەکە زیاتر لە 10 رۆژە بەدەست قەیرانی نەبوونی سووتەمەنییەوە دەناڵێنێت.

بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، لیژنەی دیاریکردنی نرخی بەرهەمە نەوتییەکان لە سووریا، لیستێکی نوێی بۆ نرخی سووتەمەنی بڵاوکردەوە و لەمڕۆوە چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

نرخەکان بەم شێوەیەی خوارەوە بەرز کراونەتەوە:

 - نرخی یەک لیتر بەنزینی جۆری 95 گەیشتووەتە 195 لیرەی سووری.

 - نرخی یەک لیتر بەنزینی جۆری 90 بووەتە 185 لیرەی سووری.

 - نرخی یەک لیتر گازوایل بە 175 لیرەی سووری دیاری کراوە.

 - گازی ماڵان بۆ 1600 لیرەی سووری بەرز بووەتەوە.

 - گازی پیشەسازی بە 2560 لیرەی سووری دەفرۆشرێت.

 - نرخی یەک تۆن فیول بە 52 هەزار و 800 لیرەی سووری جێگیر کراوە.

ئەم نرخە نوێیانە لە کاتێکدان، لە سەرەتای ئەم مانگەدا بۆ جارێکی دیکە نرخەکان بەرز کرابوونەوە. پێشتر نرخی بەنزینی 95 بە 152 لیرە و بەنزینی 90 بە 147 لیرە بوو، هەروەها گازوایل بە 125 لیرە و گازی ماڵان بە 1470 لیرە و غازی پیشەسازی بە 2350 لیرە دەفرۆشرا.

محەممەد بەشیر، وەزیری وزەی سووریا، لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بڕیاری پێکهێنانی لیژنەی هەمیشەیی بۆ دیاریکردنی نرخی بەرهەمە نەوتییەکانی دەرکرد. ئەرکی لیژنەکە دیاریکردنی نرخەکانە بەپێی گۆڕانکارییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، لە نێویاندا نرخی جیهانی و بەهای ئاڵوگۆڕی لیرەی سووری بەرانبەر دراوە بیانییەکان.

بڕیارەکە ناڕەزایەتیی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پلاتفۆرمە ناوخۆییەکاندا لێ کەوتووەتەوە. هاووڵاتییان داوا دەکەن پێداچوونەوە بۆ نرخەکان بکرێت و رەچاوی توانای کڕینی خەڵک بکرێت. لە لایەکی دیکەوە، زیاتر لە 10 رۆژە لە پارێزگای حەسەکە پاڵپشتیی سووتەمەنی راگیراوە، بەتایبەتی بۆ کەرتە خزمەتگوزارییەکانی وەک مۆلیدە، نانەواخانە و هێڵەکانی هاتوچۆ، ئەمەش قەیرانێکی گەورەی لە ناوچەکەدا دروست کردووە.