عێراقچی: رێککەوتن لەگەڵ مەسقەت بە واتای کردنەوەی گەرووی هورمز نایەت
ڕۆژی یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە، بەنیازن لە میانی کۆبوونەوەی سبەی دووشەممە لە سەڵتەنەتی عومان، عێراق و وڵاتانی کەنداو لە وردەکاریی رێڕەوە دەریاییە نوێیەکەی گەرووی هورمز ئاگادار بکەنەوە؛ ئەمەش لە سایەی ئەو جموجۆڵە ناوچەییانەی کە ئامانجیان رێکخستنی هاتوچۆی کەشتیوانی و کەمکردنەوەی گرژییەکانە لەم رێڕەوە ستراتیژییەدا.
عەباس عێراقچی، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کارنامەی کۆبوونەوەکە سەرنج دەخاتە سەر رێڕەوە دەریاییە نوێیەکە، روونیشیکردەوە، ئێمە وردەکاریی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ عومان پێی گەیشتوون دەخەینە بەردەم وڵاتانی بەشداربوو، هاوکات لەگەڵ ئەو نەخشانەی تایبەتن بە رێڕەوە پێشنیازکراوەکە و میکانیزمی کەشتیوانی لەو رێگەیەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: رێککەوتن لەگەڵ مەسقەت بە واتای کردنەوەی تەواوەتیی گەرووی هورمز نایەت، ئاماژەی بەوە کرد، تاران هێشتا کردنەوەی گەرووەکە دەبەستێتەوە بە پابەندبوونی دووبارەی ئەمریکا بە بەڵێنەکانی لە یاداشتی "ئیسلام ئاباد"دا.
کۆبوونەوەکەی عومان لە کاتێکدایە هێشتا تاوتوێکردنی پرسەکانی رێکخستنی کەشتیوانی لە هورمز بەردەوامن، ئەوەش لە دوای لێکتێگەیشتنەکانی ئێران و عومان بۆ دۆزینەوەی رێڕەوێکی دەریایی نوێ کە رێگە بە هاتوچۆی کەشتییەکان لە چوارچێوەی رێککاری کاتیدا دەدات، لە نێوەندی هەوڵەکان بۆ فراوانکردنی بازنەی لێکتێگەیشتنەکان تا وڵاتانی ناوچەکەش بگرێتەوە.
هاوکات چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا هەڵوێستی عێراق و وڵاتانی کەنداو لەبارەی رێڕەوە نوێیەکە تاوتوێ بکرێت، سەرەڕای وردەکارییە تەکنیکی و ئەمنییەکانی پەیوەست بە هاتوچۆی کەشتییەکان لە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییەکان بۆ وزە و بازرگانیی جیهانی.
رۆژی شەممە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە عێراقچیی راگەیاندبوو، شاندی عێراق بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا دەکات کە بڕیارە سبەی دووشەممە لە سەڵتەنەتی عومان بەڕێوەبچێت.