وەزارەتی دارایی: مووچە گەیشت و لە نزیکترین کاتدا دابەش دەکرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، پارەی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران گەیشتووەتە سەر هەژمارەکەیان لە بانکی ناوەندی و پاش وەرگرتنی بە شێوەی نەختینە، راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا، رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا بڕی 831 ملیار و 666 ملیۆن دینار وەک پارەی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

وەزارەتی دارایی باسی لەوە کرد، هاوشێوەی چەند مانگی رابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵی بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی ئاب لە کۆی پارەی مووچەکە بڕیوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا ئەوەی خستەڕوو، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بڕی شەش ملیار و 30 ملیۆن و 166 هەزار و 545 دیناری لە پارەی مووچەی مانگی ئاب نەناردووە، ئەمەش بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.

وەزارەتی دارایی جەختی لەوەش کردەوە، دوای تەواوکردنی رێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بە شێوەی نەختینە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، راستەوخۆ لیستی مووچە بڵاودەکەنەوە و لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێت.