لە لەندەن شەوێکی تایبەت بە سینەمای کوردی بەڕێوەدەچێت
فێستیڤاڵی فیلمی پۆرتۆبێلۆ بە هاوکاریی فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی بێرمینگهام، شەوێکی تایبەت بۆ سینەمای کوردی تەرخان دەکات و تێیدا 17 فیلمی کوردی لە گەلەری مۆز لە لەندەن نمایش دەکرێن.
دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026، ستار چەمەنگوڵ، ئەندامی لێژنەی ئامادەکاری فێستیڤاڵی فیلمی بێرمینگهام بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لە ساڵانی رابردوودا تەنیا دوو فیلمی کوردی لە چوارچێوەی بەشی فیلمی ئێرانیa لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارییان کردبوو، بەڵام ئەمجارە بە تەرخانکردنی شەوێکی تایبەت، 17 فیلمی کوردی بە ناوی خۆیان و لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی سەربەخۆدا نمایش دەکرێن."
چەمەنگوڵ سەبارەت بە گرنگیی ئەم بۆنە سینەماییە گوتی: "ئەم هەنگاوە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ ناساندنی سینەمای کوردی و پیشاندانی بەرهەمەکان بە بینەرانی دەرەوەی کوردستان دەبینرێت." ئەو روونیکردەوە، فیلمە بەشداربووەکان پێشتر لە یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی بێرمینگهام نمایش کراون.
چەمەنگوڵ جەختیکردەوە، ئومێد دەکەن ئەم هاوکارییە لە ساڵانی داهاتووشدا بەردەوام بێت و شەوی سینەمای کوردی ببێتە نەریتێکی ساڵانە لە فێستیڤاڵی فیلمی پۆرتۆبێلۆ، هاوشێوەی ئەو شەوانەی کە پێشتر بۆ سینەمای رووسی و ئێرانی تەرخان دەکران.
سەبارەت بە ناوی فیلمەکان، چەمەنگوڵ گوتی: "بەرهەمەکان بریتین لە: ئازار لە دەرهێنانی بورهان ئەحمەدی و لەیلا باغبانی، لیمۆ هەموو شتێکی دەزانی لە دەرهێنانی ئیدریس مەحموودیان، کوڕ لە دەرهێنانی سامان حوسێنپوور، مۆری لە دەرهێنانی یاقووت تەکینتانگاش، جەستە لە دەرهێنانی ئەشکان ئەحمەدی، سەمایەک بۆ ئازادی لە دەرهێنانی سالم سەلەواتی، مانلی لە دەرهێنانی ئەدیب فەرەیدوون و ئانیتا لە هەواڵەکاندا ون بووە لە دەرهێنانی بەهزاد نالبەندی."
هەروەها فیلمەکانی بێ ئاماژە لە دەرهێنانی هێڤار عومەر، سنووری شیرین لە دەرهێنانی هادی ئەحمەدی، 30 ساڵ، یەک شەو لە دەرهێنانی محەمەد ئیسماعیل، دابەزین لە دەرهێنانی ئەشکان ساعدپەنا، شتە نەبیستراوەکان لە دەرهێنانی رەمەزان کلیچ، پەیوەندییەکی شێتانە لە دەرهێنانی راز کامەران، یەک کاتژمێر ماوە لە دەرهێنانی زانیار کاکەخانی، خۆکوژیی نیچەیی لە دەرهێنانی پەیمان کوردستانی و گۆرانییەکانی دشت لە دەرهێنانی گیتا فەیزی لەو ئێوارەیەدا نمایش دەکرێن.