شارەوانی هەولێر: هەموو زیادەڕۆییەک لادەبرێت و سەرپێچیکاران سزادەدرێن

تیمەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی، لە هەڵمەتێکی بەرفراواندا بەردەوامن بۆ لادانی زیادەڕۆیی و رێکخستنەوەی بازاڕ، شەقام و شوێنە گشتییەکانی شارەکە، سەرۆکی شارەوانیش رایدەگەیەنێت، بەپێی یاسا دەسەڵاتی تەواویان هەیە و رووبەڕووی سەرپێچیکاران دەبنەوە.

دووشەممە 14ـی ئەیلوولی 2026، کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند، لە لایەن وەزارەتەوە دەسەڵاتی رەها دراوە بە شارەوانی تاوەکو هەر کەس و دوکاندارێک سەرپێچی بکات و پابەندی رێنمایی و رێکارەکان نەبێت، سزای یاسایی بەسەردا بسەپێنرێت.

سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ سەرپێچیکاران، سەرۆکی شارەوانی هەولێر روونیکردەوە، بەگوێرەی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2018 کە تایبەتە بە رێگری لە زیادەڕۆیی، هەر کاسبکار و دوکاندارێک ببێتە مایەی شێواندن و ناشیرینکردنی سیمای بازاڕەکان، دوای لادانی زیادەڕۆیییەکە و ئاگادارکردنەوەی لە لایەن تیمەکانەوە، ئەگەر سەرپێچییەکە دووبارە بکاتەوە، ئەوا رێکاری توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر کە لە سزای دارایی و پێبژاردنەوە دەستپێدەکات تاوەکو داخستنی شوێنەکەی.

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر جەختی لەوەش کردەوە، کارەکانی رێکخستنەوە وەک ئەرکێکی رۆژانە بەردەوام دەبێت و سەرجەم بازاڕ، باخچە و شەقامەکان دەگرێتەوە، ئامانجی سەرەکیش لەم هەنگاوە جوانترکردنی سیمای شار، کەمکردنەوەی جەنجاڵی و نەهێشتنی بەربەستەکانی هاتوچۆیە لە بەردەم هاووڵاتییان و شۆفێران لە سەنتەری هەولێردا.