دەستەی وەبەرهێنان هۆکاری گرانبوونی کەرەستەکانی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات
دوای بەدواداچوونێکی کوردستان24 دەربارەی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی کەرەستەکانی بیناسازی، بەڕێوەبەری گشتیی شار و ناوچە پیشەسازییەکان لە دەستەی وەبەرهێنان هۆکارەکانی گرانبوونی چیمەنتۆ، شیش و بلۆکی خستەڕو.
ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026، پشتیوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتیی شار و ناوچە پیشەسازییەکان لە دەستەی وەبەرهێنان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لە سەرەتای ئەم مانگەوە نرخی تۆنێک چیمەنتۆ لە هەرێمی کوردستان 40 هەزار دیناری چووەتەسەر، بەمەش بە رێژەی نزیکەی 80%گران بووە، هەروەها لە کارگەکانی ئاسن و شیشیش بە هەمان شێوە نرخ بەرزبووەتەوە و هەر تۆنێک شیش لە 520 دۆلارەوە بۆ 555 دۆلار زیادی کردووە، ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر کەرەستەکانی دیکەی وەک بلۆک دروستکردووە و هەر هەزار بلۆکێک 100 هەزار دینار گران بووە."
دەربارەی هۆکاری سەرەکیی ئەم بەرزبوونەوەیە، بەڕێوەبەری گشتیی شار و ناوچە پیشەسازییەکان ئاماژەی بە چەند خاڵێک کرد:
هەڵگرتنی پاڵپشتی: ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پاڵپشتییەکانی لەسەر کارگەکان هەڵگرتووە.
بەرزیی نرخی کارەبا: تێچووی کارەبا لەسەر کارگەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
گرانیی کرێی گواستنەوە: بەهۆی ئاڵۆزی و گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە ناوچەکەدا، تێچووی گواستنەوە لە سنوورەکان و رێگە بازرگانییەکاندا بەرزبووەتەوە.
پشتیوان حەمەسەعید باسی لە ئاستی بەرزی بەرهەمهێنان لە هەرێم کرد و گوتی "لە دەستەی وەبەرهێنان شەش مۆڵەتی کارگەی گەورەی چیمەنتۆمان هەیە (لەگەڵ مۆڵەتێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەبێتە حەوت مۆڵەت)، کە ساڵانە 19 ملیۆن تۆن بەرهەمیان هەیە و 75%ـی بەرهەمی چیمەنتۆی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی دیکەی عێراق دەنێردرێت، لە کاتێکدا لە تەواوی عێراقدا 18 کارگەی حکوومی و 5 کارگەی کەرتی تایبەت هەن کە تێکڕای بەرهەمی ساڵانەیان دەگاتە 26 ملیۆن تۆن."
لە کۆتاییدا ناوبراو جەختی کردەوە، لە 1ـی ئەیلوولەوە ئەم گرانبوونە لە بازاڕەکاندا سەریهەڵداوە و لە ئێستاشدا هەوڵەکان لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەردەوامن بۆ ئەوەی کار ئاسانی بکرێت و نرخەکان بۆ دۆخی ئاسایی خۆیان دابەزن.