پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان: هەرێم سەنتەری جیهانیی ئاشتی و پێکەوەژیانە

 هەرێمی کوردستان وەک دورگەیەکی ئارام و سەنتەرێکی جیهانی بۆ ئازادیی ئایینی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە ناوچەکە ماوەتەوە، هاوکات ستراتیژیی حوکمڕانی، بەتایبەت لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، لەسەر بنەمای فەلسەفەی یەکگرتن و ئاوێتەبوونی پێکهاتەکان داڕێژراوە، نەک لەسەر بنەمای سڕینەوە و تواندنەوەی کولتووری.

دووشەممە 14ـی ئەیلوولی 2026، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، سعود مستۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، رۆڵی پێشمەرگەی لە پاراستنی پێکهاتەکان و بەتایبەت ئێزدییەکان بە پیرۆز و مێژوویی ناوبرد کە لە دەستپێکی شۆڕشی ئەیلوولەوە تا راپەڕین و ئێستاش بەردەوامە، سەعوود مستۆ روونیکردەوە، بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەم فیداکارییە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی شنگال بوو لە دەستی تیرۆریستانی داعش بە رابەرایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی، تێیدا زیاتر لە 300 پێشمەرگەی کوردی موسڵمان خوێنی خۆیان بەخشی تاوەکو شنگال رزگار بکرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییان رایگەیاند، لە تەواوی کۆڕبەند و ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا، لە دەستە و کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ لە جنێڤەوە تاوەکو کونسوڵخانەکان و سەردانی ئەم دوایییەیان بۆ پەرلەمان و حکوومەتی ئەڵمانیا، بە بەردەوامی داوایان لە وڵاتانی جیهان کردووە پشتیوانی لە پێشمەرگە بکەن، چونکە بەهێزبوونی پێشمەرگە بە واتای پاراستنی ئازادیی دەربڕین و ئایینی، ئەنجامدانی ئازادانەی رێوڕەسمەکان و بەردەوامیی ئەو برایەتی و پێکەوەژیانەیە بۆ هەمیشە پێناسە و ناسنامەی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت.

هەر لەم بارەیەوە، ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان بۆ کوردستان24 گوتی، بوونی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر باشدایە و جێگەی شانازییە، چونکە حکوومەت لە هەموو کات زیاتر بەبێ جیاوازی پاڵپشتی لە مافی نەتەوە و ئایینزاکان کردووە و پشتیوانی لە رۆڵی سیاسی و پەرلەمانییان گەیاندووەتە قۆناخێکی زۆر پێشکەوتوو.

ئایدن مەعرووف باسی لەوەش کرد، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان وەک هێزێکی نیزامی و دەستووری لە عێراق و هەرێم، هەمیشە لە کاتە سەخت و دژوارەکاندا یەکەمین هێز بوون کە بەبێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی بوونەتە پارێزەری راستەقینەی ناوچەکانی پێکهاتەکان، بۆیە ئەم هێزە لە لایەن هەمووانەوە خاوەنی رێز و تایبەتمەندییەکی مەزن و بێوێنەیە.

لە رووی ئایینییەوە، 273 کەنیسە و مەزارگەی مەسیحی لە هەرێمی کوردستان نۆژەن کراونەتەوە، هاوشانی 325 شوێنی پیرۆزی ئێزدی بە پەرستگەی لالشەوە کە ساڵانە سەدان هەزار کەس لە جیهانەوە رووی تێدەکەن، لەگەڵ پەرستگەی کاکەیی، سابئەی مەندائی، زەردەشتی و فەیلییەکان بە تەواوی ئازادییەوە پارێزراون و بۆنە فەرمییەکانیان لە رۆژژمێری حکوومەتدا جێگیر کراون.

 ئەمیر عوسمان، بەڕێوەبەری پێکەوەژیانی ئایینەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی رایگەیاند، هەموو نەتەوە و پێکهاتە ئایینییەکان لەژێر ئاڵای کوردستاندا بە کەرامەت و ئازادیی تەواوەوە ژیان بەسەردەبەن و بەشدارییەکی کارایان لە بەڕێوەبردنی حوکمڕانیدا پێدراوە، ئەمەش بە روونی لە سپاردنی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە پێکهاتەی مەسیحی و وەزارەتی هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان بە پێکهاتەی تورکمان، لە پاڵ کورسیی کۆتا لە پەرلەمان، چالاکیی 36 رێکخراوی بواری پێکەوەژیان و بڕیاری مێژوویی سەرۆکوەزیران بۆ بەقەزاکردنی ناحیەی عەنکاوە دەردەکەوێت تاوەکو مەسیحییەکان خۆیان ناوچەکەیان بەڕێوەببەن.

ئەمیر عوسمان رایگەیاند، هەشت پێکهاتەی ئایینی بە فەرمی دانپێدانراون و مافی خوێندنیان بە زمانی دایک مسۆگەر کراوە، بە جۆرێک ئێستا 9 قوتابخانەی تورکمانی بە نزیکەی دوو هەزار قوتابی و 50 قوتابخانەی سریانی بە زیاتر لە شەش هەزار و 600 قوتابی لە پاڵ خوێندنی زیاتر لە 24 هەزار قوتابی بە شێوەزاری ئێزدی چالاکن، هاوکات زانکۆی کاتۆلیکی لە هەولێر وەک ناوەندێکی باڵای ئەکادیمی پێشوازی لە فێرخوازان دەکات.

بەڕێوەبەری پێکەوەژیانی ئایینەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، رۆڵی پێشمەرگەی لە تێکشکاندنی تیرۆر و پاراستنی پێکهاتەکان و داڵدەدانی دوو ملیۆن ئاوارە بەرز نرخاند، لەوانە 138 هەزار مەسیحیی دەشتی نەینەوا، کە ئێستا لە پاڵ 350 هەزار مەسیحی و زیاتر لە نیو ملیۆن ئێزدی لەوپەڕی ئارامیدا دەژین، ئەم سەقامگیرییەش پێگەی هەرێمی بە جیهان ناساند و لە سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ هەولێر لە ساڵی 2021ـەوە و بەڕێوەچوونی نوێژی بەکۆمەڵ لە یاریگەی فرانسۆ حەریری رەنگی دایەوە.

سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە هەرێمی کوردستان، ئەنجامی کۆمەڵێک فاکتەری مێژوویی و دەستوورییە کە هێزی پێشمەرگە وەک قەڵغانێکی بەهێز رۆڵی سەرەکی لە پاراستنیدا بینیوە، لە کاتێکدا ناوچەکە بە دەست شەپۆلی ئاڵۆزی و جیاکارییەوە دەناڵێنێت، هەرێمی کوردستان بووەتە مۆڵگەی ئارامی، پاراستنی فرەیی کولتووری و دابینکردنی سەربەستیی ئایینی بۆ تەواوی پێکهاتەکان.