شۆفێرانی شارەزوور داوای چارەسەرکردنی کێشەی نۆرەی بەنزین دەکەن

شۆفێرانی سنووری شارەزوور داوای چارەسەرکردنی کێشەی نۆرەی وەرگرتنی بەنزین دەکەن و بەمەبەستی گەیاندنی داواکارییەکانیان، ماوەی چەند رۆژێکە رێگەی سەرەکیی شارۆچکەکە و هەڵەبجەیان داخستووە.

لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، میکانیزم و رێگەی جیاواز بۆ وەرگرتنی بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکوومی گیراوەتەبەر، بەڵام لە سنووری شارەزوور شۆفێران ناچارن چەندین کاتژمێر لە نۆرەدا بمێننەوە.

شۆفێران بە کوردستان24-یان گوت: دابەشکردنی بەنزین هەموو رۆژێک لە کاتژمێر 07:00ـی بەیانی دەست پێ ناکات، ئەمەش کاتێکی زۆریان لێ دەبات و سەرەڕای چاوەڕوانیی زۆر، هەندێک جار بەنزین بەشی هەموو شۆفێران ناکات. بەشێکیان ناچارن لە کاتژمێر 12:00ـی شەویشەوە لە نۆرەدا بن تا بتوانن بەنزین بە نرخی 750 دینار وەربگرن.

شۆفێرانی شارەزوور داوا لە بەرپرسانی شارەکە دەکەن چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە و جەختیان لەوە کردەوە، ناکرێت رۆژێکی تەواو بۆ وەرگرتنی بەنزین تەرخان بکەن. ئەوان پێشنیاریان کردووە سیستمی تاک و جووت یان کارتی ئەلیکترۆنی بۆ دابەشکردنی سووتەمەنی بەکار بهێنرێت.

سەبارەت بەم پرسە، کوردستان24 پەیوەندی بە نزار مووسا، بەرپرسی بەشی سووتەمەنی لە قایمقامییەتی شارەزوور کرد، بەڵام یەکێک لە ژمارەکانی وەڵام نەدرایەوە و لە رێگەی ژمارەی دووەمیشەوە کەسێک بە ناوی نزار مووسا نەبوو. هەروەها رزگار غەفوور، قایمقامی شارەزوور لە وەڵامی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ بەدواداچوونی ئەم کێشەیە، ئامادە نەبوو روونکردنەوە بدات.

بە گوێرەی داتاکان، پێشتر رۆژانە 36 هەزار لیتر بەنزین لە سنووری شارەزوور دابەش دەکرا، بەڵام ئەو بڕە ئێستا بۆ 25 هەزار لیتر کەم کراوەتەوە.