کەرکووک.. سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فۆتۆگرافی بەڕێوەچوو

لەلایەن دەزگای رۆشنبیری و هونەری کەرکووک، سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فۆتۆگرافی، بەشێوەی ئۆنلاین، بەبەشداری فۆتۆگرافەرانی چەندین وڵاتی جیهان بەڕێوەچوو.

سێشەممە، 15ی ئەیلوولی 2026، سەردار زەنگەنە، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵ و سەرۆکی دەزگای رۆشنبیری و هونەری کەرکووک بە کوردستان24ی راگەیاند، "لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکەدا نزیکەی 80 وێنە لە فۆتۆگرافەرانی وڵاتانی جیاواز بە دەست بەڕێوەبەرایەتیی فێستیڤاڵەکە گەیشت، لە کۆتاییدا 20 وێنە بۆ قۆناخی کۆتایی هەڵبژێردران. هەروەها بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست، ئەم خولە بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی وەستاندنی فێستیڤاڵەکە، بەڵکو هەوڵمان داوە بەردەوامیی ئەم بۆنە هونەرییە بپارێزین و خولەکە بە شێوەیەکی جیاوازتر بەڕێوەببەین."

سەردار زەنگەنە سەبارەت بە مەرجی ناردنی وێنەکان گوتی، "لە سەرەتای فێستیڤاڵەکەوە، ماوەی یەک مانگ بۆ ناردنی بەرهەمەکان دیاری کرابوو و فۆتۆگرافەرە بەشداربووەکان دەبوو پابەندی کۆمەڵێک رێنمایی بن، لەوانەش نابێت وێنەکان دەستکاریی زۆریان تێدا کرابێت، ناوی فۆتۆگرافەر لەسەر وێنەکە نەنووسرابێت و لەگەڵ پێوەرە دیاریکراوەکانی فێستیڤاڵ بگونجێت."

سەردار زەنگەنە جەختی لەوەش کردەوە، "لە ماوەی ئەو مانگەدا، وێنەکان لە وڵاتانی جیاوازەوە بۆ فێستیڤاڵەکە نێردران. پاش کۆتاییهاتنی ماوەی وەرگرتنی وێنەکان، لیژنەیەکی سێ کەسی لەلایەن دەستەی بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵەکە دیاریکرا، کە ئەرکیان هەڵسەنگاندنی سەرەتایی و دەستنیشانکردنی وێنە باشەکان بوو، بۆ ئەوەی بۆ لیژنەی داوەری بنێردرێن."

سەبارەت بە باشترین فۆتۆکانی وڵاتان، سەردار زەنگەنە روونیکردەوە، "فۆتۆگرافەرانی ئێران، تونس، میسر، مەغریب و جەزائیر لە نێو بەشداربوواندا بوون، لەگەڵ فۆتۆگرافەرانی عێراق و کوردستان. بەشێکی زۆر لە وێنە نێردراوەکان لە ئاستێکی هونەری و تەکنیکی بەرزدا بوون، بە تایبەتی بەرهەمەکانی فۆتۆگرافەرانی ئێرانی کە ژمارەیەکی زۆریان بەشدارییان کردبوو."

سەردار زەنگەنە باسی لەوەش کرد، "لیژنەی داوەریی ئەم خولە لە پێنج کەس پێکهاتبوون؛ سەرۆکی لیژنەکە سەرۆکی یەکێتیی وێنەگرانی عێراق بوو، لەگەڵ چوار ئەندامی دیکە، کە دوو کەسیان لە عێراق، یەکێکیان فۆتۆگرافەرێکی ژن لە تونس و ئەندامێکی دیکەش  فۆتۆگرافەرێکی ژن لە سوریا بوون."

سەردار زەنگەنە باس لە دابەشکردنی خەڵاتەکان دەکات و دەڵێت، "لە فێستیڤاڵەکەدا چوار خەڵات دابەشکران وەکو، خەڵاتی یەکەم درا بە عەلی رەزەویان لە وڵاتی ئێران، ​خەڵاتی دووەم درا بە هادی دێهقانپوور لە وڵاتی ئێران، ​خەڵاتی سێیەم درا بە  حەسەن دێهقاندۆست لە وڵاتی ئێران، ​خەڵاتی تایبەتی فێستیڤاڵ درا بە هۆگر ئەحمەد لە هەڵەبجە."

خولی دووەمی فێستیڤاڵەکە لە ساڵی رابردوودا بە شێوەی ئامادەبوونی فیزیکی بەڕێوەچووە و نمایشگایەکی تایبەت بە وێنە بەشداربووەکان لە سەنتەری رۆشنبیریی کەرکووک کرابووەوە، هەروەها ژمارەیەک لە فۆتۆگرافەر و ئەندامانی لیژنەکانیش بۆ بەشداری لە بۆنەکە بانگهێشت کرابوون و خەڵاتەکان بەسەر براوەکاندا دابەش کرابوون. کەمی و نەبوونی بودجە لە بەردەم چالاکییە هونەری و رۆشنبیرییەکاندا بەربەستێکی سەرەکییە و وای کردووە ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەبچێت."