مەسرور بارزانی: سەردەمی نۆرەی درێژی مووچە کۆتایی هات
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، لەم هەفتەیە یەک ملیۆن هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان لە رێگەی هەژماری من مووچەکانیان وەردەگرن و جەخت لەوەش دەکاتەوە، نۆرەی درێژ بۆ وەرگرتنی مووچە کۆتایی هات.
ئەمرۆ سێشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2026، مەسرور بارزانی سەرکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا رایگەیان “سێ ساڵ لەمەوبەر، بەڵێنمان دا کە لە ڕێگەی دەستپێشخەریی (هەژماری من) ەوە، دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لە شێوازی نەختینەییەوە بگوازینەوە بۆ بانکە مۆڵەتپێدراوەکان، خۆشحاڵم کە رایدەگەیەنم، ئەم حەفتەیە یەک ملیۆن هاووڵاتی کە لە لیستی مووچەی حکوومەتی هەرێمدان، مووچەکانیان بە شێوەی ئەلیکترۆنی و لە ڕێگەی بانکە هاوبەشەکانەوە وەردەگرن، کە مۆڵەتپێدراوی بانکی ناوەندیی عێراقن”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، هەژماری من بنەمایەکی گرنگ بوو لە پابەندبوونمان بە فراوانکردنی گشتگیریی دارایی دەستڕاگەیشتن بە قەرز و خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان بۆ هاووڵاتییان ئاسان دەکات و لە هەمان کاتدا ئاسانکاری بۆ حکوومەت دەکات تاکوو پارەدانی ئەلیکترۆنی بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەردەست بکات.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، “ گۆڕانکارییەکی ئەرێنیی لە ژیانی یەک ملیۆن هاووڵاتیدا دروست کردووە. (هەژماری من ) سەربەخۆییەکی دارایی زیاتری پێبەخشیون و کۆنترۆڵی دارایی داوەتەوە دەست خۆیان و بەهۆی (هەژماری من)ەوە، ئێستا دەستیان بە بە تۆڕێکی فراوانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا دەگات کە بەردەوام لە گەشەکردندایە”.
مەسرور بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە، “رۆژانی ڕاوەستانی زۆری هاووڵاتیان لەبەردەم باڵەخانە حکوومییەکان و نۆرەی درێژ و چاوەڕوانی وەرگرتنی پارەی کاش کۆتایی هات”.
هاوکات سوپاسی هاووڵاتییان دەکات و دەڵیت” سوپاسی هاووڵاتییان دەکەم بۆ پشوودرێژییان و سوپاسی بانکە هاوبەشەکانمان دەکەم بۆ پشتگیری و وەبەرهێنانیان لە سێ ساڵی ڕابردوودا. سوپاسی تیمی (هەژماری من)یش دەکەم بۆ بەجێگەیاندنی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە”.