ئاوات شێخ جەناب: دەبێت مووچەی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی کرداری دەربهێنرێت

وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ کونسوڵی گشتیی بەریتانیا، جەختی لەوە کردەوە کە زامنکردنی مووچەی مووچەخۆران لە پێشینەی کارەکانیاندایە و داوای کرد بەغدا هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا بکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2026، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە هۆڵی ڤێر، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد، لە دیدارەکەدا کورتەیەک لەسەر دواین بەرەوپێشچوونەکانی ئامادەکردنی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ساڵی 2027ـی عێراق و جێگیرکردنی پشک و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو.

وەزیری دارایی رایگەیاند، ماوەی چەند مانگێکە وەک وەزارەت سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ دیاریکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور و بەگوێرەی دوایین داتاکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان.

ئاوات شێخ جەناب روونیکردەوە "زامنکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران لە پێشینەی کارەکانمانە، دەمانەوێت حکوومەتی فیدراڵ هەمان مامەڵەی مووچەخۆرانی عێراق لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا بکات و مووچەی هەرێم بە تەواوی لە چوارچێوەی خەرجیی کرداری دەربهێنرێت."

سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکان و بواری ئابووری، وەزیری دارایی ئاشکرای کرد کە لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا" گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، گوتیشی "حکوومەتی هەرێم چاوەڕێ دەکات لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، تاکوو سەرجەم ئاستەنگەکانی بەردەم بازرگانان و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان نەمێنن، لەوانەش لابردنی بازگەکان، دابینکردنی دۆلار بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی و یەکلاکردنەوەی کێشەی باج."

هاوکات لە دیدارەکەدا باس لە هەماهەنگییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا لەپێناو بنەبڕکردنی سەرجەم ئەو بیانووانەی لە ساڵانی رابردوودا هەبوون، بەتایبەت پرسی لیستی مووچە، تەرازووی پێداچوونەوە، داهاتی ناوخۆ و وردبینی لە داهات و خەرجییەکان.

لای خۆیەوە، هۆڵی ڤێر، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی وەزیری دارایی کرد لە بەرامبەر خستنەڕووی داتا و زانیارییەکان بە روونی و شەفافییەت، هاوکات بە پێویستی زانی سەرجەم لایەن و فراکسیۆنە کوردییەکان لە بەغدا یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن بۆ دەستەبەرکردن و جێگیرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.