فاینانشناڵ تایمز: دوو کۆمپانیای چینی بە سپیکردنەوەی داهاتی نەوتی قاچاخی ئێران تۆمەتبار کراون

رۆژنامەی "فاینانشناڵ تایمز" بڵاویکردەوە، داواکارانی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوو کۆمپانیای چینییان تۆمەتبار کردووە بە بەکارهێنانی هەژمارەکانی پلاتفۆرمی دراوی دیجیتاڵیی "باینانس" بۆ سپیکردنەوەی 61 ملیۆن دۆلاری فرۆشتنی نەوتی قاچاخی ئێران، بە مەبەستی گەیاندنەوەی پارەکە بە دەسەڵاتدارانی تاران و گرووپە چەکدارەکان.

سێشەممە 15ی ئەیلوولی 2026، بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی فاینانشناڵ تایمزی بەریتانی، وەزارەتی دادی ئەمریکا داوایەکی فەرمیی پێشکەش بە دادگا کردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی 61 ملیۆن دۆلار لە چەندین جزدانی ئەلیکترۆنیدا، کە لە رێگەی کڕیارانی نەوتی قاچاخی ئێرانەوە لە چین ئاڵۆگۆڕی پێوەکراوە.

لێکۆڵینەوەکانی واشنتن دەریانخستووە ئەم هەژمارانە بەشێک بوون لە تۆڕێکی گەورەی دراوی کریپتۆ کە مامەڵەی بە زیاتر لە یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار داهاتی نەوتی قاچاخی تارانەوە کردووە، و داواکارانی گشتی جەخت دەکەنەوە، لانیکەم بەشێک لەو سەرمایەیە بۆ دابینکردنی دارایی چالاکییە چەکدارییەکان و هێزە بەوەکالەتەکانی ئێران بەکارهاتووە.

گوتەبێژێک بە ناوی کۆمپانیای "باینانس" کە گەورەترین پلاتفۆرمی مامەڵەی دراوی دیجیتاڵییە لە جیهاندا رایگەیاند، ئەم دۆسیە یاساییە دژی خودی کۆمپانیاکەیان تۆمار نەکراوە و باینانس هیچ پێشێلکارییەکی نەکردووە. گوتەبێژەکە ڕوونی کردەوە، کۆمپانیاکەیان بە هیچ شێوەیەک رێگە بە بازرگانیی نایاسایی و شکاندنی سزاکان نادات و بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ دەزگا یاساییەکانی ئەمریکا.

وەزارەتی دادی ئەمریکاش ئاشکرای کردووە، سکاڵاکە تەنیا دژی دراوە دەستبەسەرداگیراوەکانی ناو ئەو جزدانە دیجیتاڵییانەیە، نەک لە دژی کۆمپانیای باینانس یان هەردوو کۆمپانیا چینییەکە هێکسا وەیڵ و بلێسد ترەست.

ئەم دۆسیەیە لە کاتێکدایە کە کۆمپانیای باینانس لە ساڵی 2023 بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاساکانی دژە سپیکردنەوەی پارە لە ئەمریکا دانی بە تاوانەکەیدا نا و 4.3 ملیار دۆلار سزای دارایی درا، هاوکات چانگپێنگ ژاو، دامەزرێنەری کۆمپانیاکە چوار مانگ زیندانی کرا، بەڵام لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لێخۆشبوونی بۆ دەرکرا.

هەروەها لە ماوەی ئەمساڵدا سندووقێکی دارایی ئەبوزەبی بە بەهای دوو ملیار دۆلار پشکی باینانسی لە دامەزرێنەرەکەی کڕییەوە بە بەکارهێنانی دراوی دیجیتاڵیی جێگیری (USD1) کە لە لایەن کۆمپانیای خێزانیی ترەمپەوە بەڕێوەدەبرێت، لە کاتێکدا باینانس تاوەکو ساڵی 2028 لە ژێر چاودێریی توندی وەزارەتی گەنجینە و دادی ئەمریکادا دەمێنێتەوە.