خەڵاتەکانی شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی دابەشکران

شەشەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی، بەبەشداری 108 فیلمی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، لەژێر ناوی "شکۆی مرۆڤ، شکۆی ژیانە"، لە سلێمانی بەڕێوەچوو و خەڵاتەکان دابەشکران.

چوارشەممە، 16ی ئەیلوولی 2026، رۆزا شێخانی، گوتەبێژی فێستیڤاڵەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکەدا، لە کۆی زیاتر لە 600 فیلم کە لە 23 وڵاتەوە بۆ فێستیڤاڵەکە نێردراون، 108 فیلم بۆ بەشەکانی پێشبڕکێ هەڵبژێردراون و نزیکەی 250 سینەماکار لەفێستیڤاڵەکە بەشداربوون و 25 خەڵاتی جۆراوجۆر دابەشکران."

رۆزا شێخانی باس لە خەڵاتە جۆراوجۆرەکانی فێستیڤاڵەکە دەکات و دەڵێت، "جۆری ئەو خەڵاتانەی دابەشکران بریتی بوون لە، فیلمی درێژی نێودەوڵەتیی، باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر، باشترین سیناریۆ، باشترین وێنەگرتن، باشترین ئەکتەری سەرەکی، باشترین ئەکتەری ژن، خەڵاتی لیژنەی دادوەری، باشترین موزیک، باشترین دیزاینی دەنگ، فیلمی درێژی نەتەوەیی، کورتە فیلمی گەنجان، دۆکیۆمێنتاری نێودەوڵەتی، کورتەفیلمی نێودەوڵەتی."

سەبارەت بە دابەشکردنی خەڵاتەکان، گوتەبێژی فێستیڤاڵەکە روونیکردەوە، "خەڵاتی باشترین دەرهێنەر و سیناریۆ درا بە سالم سەڵەواتی لە فیلمی لە سێبەردا. باشترین ئەکتەری کوڕ درا بە هەڤاڵ براکۆ. باشترین ئەکتەری کچ درا بە کوبرا مەلەکی. خەڵاتی باشترین سینەماتۆگرافی درا بە بابەک سەڵەواتی و ئەمیر عەلی وەیسی. باشترین دیزاینی دەنگ درا بە شیرین یوسف. خەڵاتی لێژنەی دادوەران درا بە فیلمی کاتێک رەشەبای تاریک هەڵدەکات و فیلمی لە سێبەردا. خەڵاتی باشترین موزیک درا بە ڤارۆن جاندەمیر. خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکیۆمێنتاری ناوخۆیی درا بەهەردوو فیلمی ژن، ژیان، ئازادی و لەکوێی چیرۆکەکەی خۆمدام. 

رۆزا شێخانی جەختی لەوەش کردەوە، "خەڵاتی باشترین دەرهێنەر درا بە فیلمی هەر وەک چۆن هەناسە دەدەین. خەڵاتی فیلمی درێژی نێودەوڵەتی درا بە هەردوو فیلمی پشێوی توندوتیژی و هەر وەک چۆن هەناسە دەدەین. خەڵاتی ئاشتی و پێکەوەژیان درا بە فیلمی نیقاب. خەڵاتی باشترین فیلم درا بە فیلمی هەر وەک چۆن هەناسە دەدەین. خەڵاتی لێژنەی دادوەران درا بە فیلمی مێردەکە. باشترین فیلمی دۆکیۆمێنتاری نێودەوڵەتی درا بە فیلمی ئێشکگری شەو. خەڵاتی باشترین کورتەفیلمی نێودەوڵەتی درا بە فیلمی کچەکەی دایە. خەڵاتی باشترین فیلمی لاو درا بە فیلمی دزینی تابلۆکە. خەڵاتی باشترین پۆستەر درا بە شێرکۆ خانزادی."

شەشەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی، لەژێر ناوی "شکۆی مرۆڤ، شکۆی ژیانە"، 9ی ئەیلوولی 2026، لە سلێمانی بەڕێوەچوو و ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام بوو.