وەزارەتی کارەبا بۆ کوردستان24: لە چەند کاتژمێری داهاتوودا پێدانی کارەبای نیشتمانی ئاسایی دەبێتەوە

پڕۆژەی رووناکی رایگەیاند کە گەیشتنی گاز بە وێستگەکانی کارەبا لە ئاساییبوونەوەدایە و تاوەکو بەیانی زوو پێدانی کارەبا دەگەڕێتەوە دۆخی خۆی، هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کارەبا بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد کە پرۆسەی زیادکردنی گازی کێڵگەی کۆرمۆر دەستیپێکردووە.

چوارشەممە 16ـی ئەیلوولی  2026،  پڕۆژەی رووناکی رایگەیاند، گەیشتنی گاز بە وێستگەکانی کارەبا لە ئاساییبوونەوەدایە و تاوەکو بەیانی زوو پێدانی کارەبا دەگەڕێتەوە بارودۆخی خۆی.

هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کارەبا بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆمپانیای داناگاز 220 ملیۆن پێ سێجا گاز گازی کەمکردبووەوە، کە بە رێژەی 36%ـی هەناردەی ئەو کێڵگەیە مەزەندە دەکرا. ئەو کەمکردنەوەیەی گاز کاریگەری لەسەر وێستگەکانی کارەبا دروستکردبوو و بەرهەمهێنانی بە نزیکەی هەزار و 300 مێگاوات کەمکردبووەوە.

سەرچاوەکەی وەزارەتی کارەبا بۆ کوردستان24 ئاشکراشی کرد کە ئێستا پرۆسەی زیادکردنی رێژەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە دەستیپێکردووە و بە زیادبوونی رێژەی گازەکەش، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا زیاد دەبێتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆسەکە دەستیپێکردووە و لە نێوان 6 تا 8 کاتژمێری دیکەدا بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد دەبێتەوە، بەمەش ئاستی بەرهەمهێنان بەرز دەبێتەوە و بارودۆخی کارەبا وەک پێش دابەزینی گازەکەی لێدێتەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندبوو، کۆمپانیای دانەگاز بڕی هەناردەکردنی گازی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمکردووەتەوە. بەهۆی ئەو کەمکردنەوەیەوە، بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا بە رێژەی 1000 مێگاوات دابەزیوە.

وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایانگەیاندبوو؛ لە پەیوەندیی بەردەوامدان لەگەڵ کۆمپانیای دانەگاز. هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و گەڕاندنەوەی دۆخی هەناردەکردنی گاز و ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ باری ئاسایی بەردەوامن.