مێژوو و رەخنەی درامای کوردی لە کتێبێکی نوێدا بڵاوکرایەوە
کتێبی "سەرهەڵدانی درامای کوردی"، کە شرۆڤە و خوێندنەوەیەکی رەخنەییە سەبارەت بە سەرهەڵدانی درامای کوردی، لە نووسینی حەیدەر عەبدولرەحمان، نووسەر و رەخنەگری بواری شانۆ و دراما، چاپ و بڵاوکرایەوە.
پێنجشەممە، 17ی ئەیلوولی 2026، حەیدەر عەبدولرەحمان، نووسەر و رەخنەگری بواری شانۆ و دراما بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم کتێبەم هەوڵێکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بەرفراوانەی لە کتێبخانەی کوردیدا هەستی پێدەکرێت لەبارەی درامای کوردی بە گشتی؛ بە تایبەتی لە رووی مێژوویی، ژیاننامەیی و رەخنەی هونەری و فیکرییەوە. هەروەها کتێبەکە بە سێ تەوەری سەرەکی دابەش کراوە و هەر تەوەرێک بەشێک لە مێژوو و ناساندنی درامای کوردی دەخاتەڕوو."
حەیدەر عەبدولرەحمان سەبارەت بە تەوەرە سەرەکییەکانی کتێبەکەی گوتی،" لە تەوەری یەکەمی کتێبەکەدا، من باس لە شوناسی دراما لە جیهاندا دەکەم و هەوڵ دەدەم خوێنەر لەگەڵ بنەما و پێکهاتەکانی دراما ئاشنا بکەم. لەم بەشەدا باس لەوە دەکەم کە دراما چییە، رەگەزەکانی چین و چۆن و لە کوێ یەکەمین دراما لە جیهاندا سەری هەڵداوە."
ئەو نووسەرە روونیکردەوە، "هەروەها من لەم بەشەدا بە چەندین بابەتی دیکەی پەیوەندیدار بە دراما دەچمە ناو مێژوو و جیهانی دراما و لەگەڵیاندا باس لە درێژترین دراما لە جیهان و هەندێک لە دیاردە و تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە هونەرە دەکەم.
دەربارەی تەوەری دووەمی کتێبەکەی، حەیدەر عەبدولرەحمان دەڵێت، "تەوەری دووەمی کتێبەکەم تایبەتە بە مێژووی دراما و سەرهەڵدانی درامای کوردی و زیاتر رەنگدانەوەیەکی ژیاننامەیی هەیە. من لەم بەشەدا بەدواداچوونێکی مێژوویی بۆ سەرهەڵدان و پەرەسەندنی درامای کوردی دەکەم و تیشک دەخەمە سەر ئەو قۆناخانەی درامای کوردی تێیدا پەرەی سەندووە."
حەیدەر عەبدولرەحمان جەختی لەوەش کردەوە،" ئەم بەدواداچوونەی من لە کۆتایی ساڵانی شەستەکانەوە دەست پێدەکات و تا سەردەمی ئێستا بەردەوام دەبێت. لەم بەشەدا ناوی دراما و زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان، ناوی دەرهێنەرەکان، ژمارەی ئەڵقەکان و ناوی دەرهێنەر و ئەکتەرە سەرەکییە بەشداربووەکان خراونەتەڕوو، بۆ ئەوەی وێنەیەکی کۆکراوەتر لە مێژووی بەرهەمهێنانی درامای کوردی پێشکەش بکرێت."
ئەو نووسەرە لە نووسینی ئەو کتێبەدا پشتی بەخۆی بەستووە و باسی لەوە کرد، "لە نووسینی ئەم ژیاننامەیەدا، بە پلەی یەکەم پشتم بە خۆم بەستووە؛ چونکە وەک چاودێرێکی درامای کوردی لە ساڵانی شەستەکانەوە تا ئێستا، بەردەوام بەدواداچوونی بواری درامای کوردیم کردووە و لە نزیکەوە گۆڕانکاری و پەرەسەندنی ئەم بوارەم بینیوە."
حەیدەر عەبدولرەحمان باس لە تەوەری سێیەمی کتێبەکەی دەکات و دەڵێت، "تەوەری سێیەمی کتێبەکەشم تایبەتە بە رەخنە و شرۆڤەکردنی بەرهەمە دراماییەکان. من لەم بەشەدا 11 درامای کوردی، لەگەڵ سێ زنجیرە درامای دۆبلاژکراوی کوردی، دەخەمە ژێر شرۆڤە و رەخنەی خۆمەوە و ئەم بەشە لە رووی ناوەڕۆکەوە هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەی بەرهەمە دراماییەکان لە روانگەی هونەری و فیکرییەوە و خستنەڕووی خاڵە پەیوەندیدارەکان بە بەرهەمهێنان، چیرۆک، شێوازی گێڕانەوە و پێکهاتەی دراما."
حەیدەر عەبدولرەحمان ئاماژەی بەوەش دا، "ئامانجی ئەم بەشەی ڕەخنە، تەنیا هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکان نییە، بەڵکو خستنەڕووی بەرچاوروونییەکە بۆ ئەو توێژەرانەی لە ئایندەدا بیانەوێت شتێک دەربارەی ئاستی فیکری و هونەری درامای کوردی لەو قۆناخەدا بزانن و لێکۆڵینەوە لەسەر بکەن. هەر بۆیە کتێبەکە تەنیا بەرهەمێکی رەخنەیی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ تۆمارکردنی بەشێک لە مێژووی درامای کوردی و کۆکردنەوەی زانیارییەکان لەسەر بەرهەمە درامایی و تەلەفزیۆنییە کوردییەکان لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا."
حەیدەر عەبدولڕەحمان نووسەر، رەخنەگری دیاری بواری شانۆ و سینەما و درامای کوردییە. لە ساڵی 1965 لە هەولێر لەدایکبووە. ناوبراو چەندین وتار، لێکۆڵینەوە و کتێبی تایبەت بە رەخنەی شانۆ و سینەما و درامای نووسیوە و بڵاوکردووەتەوە.