دوای زیاتر لە سەدەیەک؛ جۆرێکی نوێی پشیلەی کێوی لە بۆلیڤیا دۆزرایەوە

زانایان دۆزینەوەی جۆرێکی نوێی پشیلەی کێوییان لە دارستانەکانی بۆلیڤیا راگەیاند، کە ئەمەش یەکەم جارە لە ماوەی زیاتر لە 100 ساڵی ڕابردوودا جۆرێکی نوێی پشیلەی کێوی لە جیهاندا تۆمار بکرێت.

بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لە رۆژنامەی زانستیی "Current Biology" بڵاوکراوەتەوە، زانایان توانیویانە جۆرێکی نوێی پشیلەی کێوی بناسێنن کە لە دارستانەکانی بۆلیڤیا دەژێت. ئەم دۆزینەوەیە بە یەکەم هەنگاوی لەم جۆرە دادەنرێت لە ماوەی زیاتر لە سەدەیەکدا.

پشیلەکە ناوی زانستیی "Leopardus tilcayo"ی لێنراوە و لە دارستانەکانی یونگاس لە رۆژهەڵاتی چیاکانی ئەندیز دەژێت. قەبارەی ئەم ئاژەڵە لە پشیلەی ماڵیی ئاسایی بچووکترە و فەرووەکەی قاوەیییەکی کاڵە لەگەڵ خاڵی تۆخ.

چیرۆکی ناسینەوەی ئەم جۆرە نوێیە لە ساڵی 2016ەوە دەستیپێکرد، کاتێک پاوڵا نۆگالێس ئاسکارونز، زانای ژینگەناسی بۆلیڤی پەیوەندییەکی لە پەناگەی ئاژەڵانی کێویی "سێندا ڤێردێ"وە پێگەیشت سەبارەت بە هەبوونی پشیلەیەکی سەیر و نائاسایی.

کەسێکی ناوچەکە ئەم ئاژەڵەی لە ساڵی 2015دا بە بێچوویی لە کەنار شۆستەی نزیک دارستان دۆزیبووەوە و بردیبووەوە ماڵەوە، بەو پێیەی پێی وابوو پشیلەی ماڵییە. بەڵام دوای ساڵێک رەفتارە کێوییەکانی وا لە هاووڵاتییەکە دەکەن رادەستی پەناگەی ئاژەڵانی بکات.

نۆگالێس، دامەزرێنەری بەرنامەی توێژینەوەی پشیلەسانانی بۆلیڤیا لە سەرەتادا پێی وابوو ئاژەڵەکە سەر بە جۆری "Leopardus tigrinus" بێت، بەڵام دوای توێژینەوە و پشکنینی ورد دەرکەوت کە جۆرێکی تەواو نوێیە و پێشتر بۆ زانست نەناسراو بووە.