ئەنجوومەنی ئەوروپا دۆسیەی "مافی هیوا" دەخاتە کارنامەی کۆبوونەوەکانییەوە

ئەنجوومەنی ئەوروپا، دۆسیەی ناسراو بە "مافی هیوا" و سزای زیندانیکردنی هەتاهەتاییی قورسی لە تورکیا، خستە کارنامەی کۆبوونەوەکانی مانگی 12ی داهاتوویەوە تاوەکو هەڵسەنگاندن بۆ چاکسازییە یاساییەکانی ئەنقەرە بکات؛ ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دروستبوونی گۆڕانکاریی نوێی یاسایی لە دۆسیەی سەلاحەدین دەمیرتاش و دەنگۆکان لەسەر ئەگەری ئازادکردنی.

لیژنەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا، کە سەرپەرشتیی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا دەکات، کارنامەی کۆبوونەوەکانی مانگی کانوونی یەکەمی راگەیاند. بەگوێرەی خشتەی کاری پەسندکراو لە کۆبوونەوەی ژمارە 1569ی لیژنەکە لە 15 و 16ی کانوونی یەکەمی 2026، دۆسیەی "گرووپی گوربان"ی تایبەت بە تورکیا لە کۆبوونەوەی ژمارە 1577ی مافەکانی مرۆڤ لە رێککەوتی 1 تا 3ی کانوونی یەکەم دەخرێتە بەرباس.

لیژنەی وەزیران بۆ دوایین جار لە کۆبوونەوەی مانگی ئەیلوولی 2025دا تایبەت بەم دۆسیەیە لەگەڵ تورکیا کۆبووەوە و داوای لە ئەنقەرە کردبوو کە هەموار و چاکسازی لە یاساکانی پەیوەست بە سزای زیندانیکردنی هەتاهەتاییی قورسدا بکات، بە شێوازێک کە "ئومێدی ئازادکردن" بۆ سزادراوان لەخۆ بگرێت. هاوکات، داوای لە تورکیا کردبوو تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیرانی 2026 زانیاریی تۆکمە و پلانی کاری خۆی پێشکەش بکات و چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی مانگی کانوونی یەکەمدا بڕیارێکی نوێی کاتی رابگەیەنێت.

پاشخانی ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی ئەوروپا هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی دەنگۆ و بەدواداچوونەکان سەبارەت بە ئەگەری ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە. لەم دواییانەدا دۆسیەی سەرەکیی کۆبانێ کە دەمیرتاش بەهۆیەوە سزادراوە، دوای بڕیاری دادگەی پلە یەک، گوازراوەتەوە بۆ دادگەی هەرێمیی داواکارییەکانی ئەنقەرە و لەلایەن ئەو دادگەوە خراوەتە ژێر پشکنین و هەڵسەنگاندنەوە.

ئەم پێشهاتە یاساییە دوای ئەوە هات کە لە 10ی ئابدا پەرلەمانی تورکیا پەسەندکردنی "یاسای چوارچێوە"ی راگەیاند، ئەمەش دەرگەی لێکدانەوەی نوێی کردەوە کە ئایا دەمیرتاش دەتوانێت سوود لەم رێکخستنە یاساییە وەربگرێت یان نا. لە لایەکی دیکەوە، راگەیاندنی ئامادەکارییەکان بۆ "رێکخستنی نوێی یاسای سزادان" لەلایەن محەمەد ئوچوم، راوێژکاری باڵای سەرۆککۆمار و ئاماژەدانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە ئازادکردنی دەمیرتاش بە هەنگاوێکی "بەکەڵک و خێر" بۆ تورکیا وەسف کردبوو، رەهەندێکی نوێی بە دۆسیەکە بەخشیوە.

سەلاحەدین دەمیرتاش لە 4ی تشرینی دووەمی 2016ەوە لە زیندانی ئیدرنەدا راگێڕدراوە، پرۆسەی دادگاییکردنی بەردەوام لە ئاستی ناوخۆیی تورکیا و بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپادا تاوتوێ دەکرێت و ئێستا چاوەکان لەسەر بڕیاری کۆتایی دادگەی هەرێمیی داواکارییەکانی ئەنقەرەن.