وەزارەتی پێشمەرگە: دابەشکردنی مووچە لە رێگەی بانکەکانەوە بە شێوازی پێشوو کۆتایی هات
وەزارەتی پێشمەرگە کۆتاییهاتنی شێوازی نەریتیی دابەشکردنی مووچەی راگەیاند؛ بەڕێوەبەری گشتیی بوودجە و بەرنامەکانەوە ئاشکرای کرد، زیاتر لە 99%ی ئەندامانی هێزی پێشمەرگە لە پرۆژەی "هەژماری من" تۆمار کراون و لەمەودوا بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە رێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارەوە (ATM) مووچەکانیان وەردەگرن.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیدا، ئەمڕۆ هەینی، 18ـی ئەیلوولی 2026 توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتی بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) بە راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی رایگەیاند، لە ماوەی رابردوودا مووچەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رێگەی بانکەکانی هەرێمی کوردستانەوە دابەش کراوە. باسیشی لەو کرد کە ئەم هەنگاوە کارئاسانیەکی زۆری بۆ بەدەستگەیشتنی مووچەکانیان دروست کردبوو بەراورد بە شێوازە تەقلیدییەکانی پێشوو.
بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی سەربازی سوپاسی بەڕێوەبەر و سەرجەم کارمەندانی بانکەکانی هەرێمی کرد کە بە هاوکاری و هەماهەنگیی بەردەوامیان رۆڵێکی گرنگیان لە بەڕێوەبردن و جێبەجێکردنی پرۆسەکەدا گێڕاوە، روونیشی کردەوە، ئەم هاوکارییە تەنیا لە چوارچێوەی ئەرکە فەرمیەکانیاندا نەبووە، بەڵکو لە کاتەکانی پشووشدا ئەم ئەرکەیان لە پێناو خزمەتکردنی هێزی پێشمەرگەدا لە ئەستۆ گرتووە.
توانا سدیق ئاشکرای کرد کە نزیکەی تەواوی ئەندامانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان زیاتر لە 99% لە پرۆسەی (هەژماری من) تۆمار کراون، ئێستاش بە شێوەیەکی راستەوخۆ و ئاسان، لە رێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM)ەوە دەستیان بە مووچەکانیان دەگات.
لەمبارەشەوە رۆڵی ستافی تیمی هەژماری من بەرزدەنرخێنین کە پێشەنگی وەزارەتی پێشمەرگەیان لەبەرچاو گرتووە.
لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی ئەم پێشکەوتنە و بەردەوامبوونی پرۆسەی دیجیتاڵکردنی مووچە لە رێگەی هەژماری من، لەمەودوا پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی هێزی پێشمەرگە لە رێگەی بانکەکانەوە بە شێوەی پێشوو کۆتایی پێ دێت.