سوپای ئێران ئامارەکانی ئەمریکا لە هورمز رەت دەکاتەوە
فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئێران وەڵامی لێدوانەکانی براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)ی دایەوە، کە رایگەیاندبوو سوپای ئەمریکا ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی 1 ملیار بەرمیل نەوت لە رێگەی گەرووی هورمز لە دوو مانگی رابردوودا کردووە.
ئەبو فەزل شکارچی، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە ئاژانسی تەسنیمی ئێران رایگەیاند، ئەو بانگەشانەی فەرماندەی سێنتکۆم سەبارەت بە پاراستنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و گواستنەوەی 1 ملیار بەرمیل نەوت لە دوو مانگی رابردوودا، ناڕاست و بێ بنەمان و زیاتر لەوەی واقیعی بێت، دەچێتە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی دەروونیی شکستهێناوە.
ئەبو فەزل شکارچی، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئێران روونیکردەوە، ئامانج لەو لێدوانانە بەرزکردنەوەی ورەی هێزەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە و پاساو هێنانەوە بۆ تێچووی دارایی و مرۆیی زۆری ئەمریکا، ئەو بانگەشانەش ناتوانن راستیی کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکە بگۆڕن. شکارچی جەختیکردەوە، کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز هێشتا بەدەست هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوەیە.
شەممەی رابردوو، براد کوپەر رایگەیاندبوو، ئەمریکا پاراستنی گواستنەوەی 1 ملیار بەرمیل نەوتی خاوی لە گەرووی هورمز لە دوو مانگی رابردوودا دابین کردووە. کوپەر لە بەیاننامەیەکدا روونیکردەوە، سێنتکۆم ئاسانکاری بۆ پەڕینەوەی سەلامەتی 1 ملیار بەرمیل نەوتی خاو لەو گەرووەدا کردووە و بە سەرکەوتوویی ئاسایشی پەڕینەوەی زیاتر لە 2,000 کەشتیی بازرگانیی بۆ ئەو رێڕەوە دەریاییە ستراتیژییە دابین کردووە. کوپەر ئەوەشی روونیکردەوە، ئێران تەنیا 1 بەرمیل نەوتیشی هەناردە نەکردووە.
leناوەڕاستی تەممووزی رابردوو، ئەمریکا گەمارۆ دەریاییەکانی خۆی بۆ سەر سەرجەم بەندەرەکانی ئێران، چ ئەوانەی دەکەونە ناو گەرووی هورمز و چ ئەوانەی دەرەوەی، نوێ کردەوە. هەینیی رابردوو، عەزیز غەزەنفەری، جێگری یاریدەدەری فەرماندەی سوپای پاسداران هۆشداری دا، ئەگەر رێگە بە هەناردەکردنی نەوتی ئێران نەدرێت، ئەوا نەوت لە هیچ وڵاتێکی دیکەی ناوچەکەش هەناردە ناکرێت.