فیلمێکی کوردی لە بەغدا دوو خەڵاتی گرنگیی بەدەستهێنا

کورتەفیلمی "پاسکیلی ئاوی" لە دەرهێنانی سیاوەش ساعدپەنا، لە هەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمای گەڕۆک لە بەغدا دوو خەڵاتی گرنگی بەدەستهێنا.

یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، سیاوەش ساعدپەنا، دەرهێنەری فیلمەکە بە کوردستان24ی راگەیاند: "کورتەفیلمی پاسکیلی ئاوی خەڵاتی باشترین کورتەفیلمی لە فێستیڤاڵەکەدا بەدەستهێنا، هاوکات ئارمین عەزیزی، ئەکتەری فیلمەکە خەڵاتی باشترین ئەکتەری وەرگرت".

سەبارەت بە بایەخی ئەم دەستکەوتانە، ساعدپەنا گوتی: "ئەم دوو خەڵاتە لە کاتێکدا بەدەستهاتوون کە فیلمەکە لە ماوەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانیدا، سەرنجی دادوەر و بینەرانی سینەمای بۆ لای خۆی راکێشاوە".

ئەم کورتەفیلمە پێشتر لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی لە بەشی کورتەفیلمە کوردییەکان نمایش کراوە. ساعدپەنا روونیکردەوە، وەک دەرهێنەر لە بەشی گفتوگۆی تایبەتی فێستیڤاڵی سلێمانیدا بەشدار بووە و ئەزموون و زانیارییەکانی خۆی لەگەڵ فیلمسازان و بەشداربووان هاوبەش کردووە.

سەبارەت بە دەستکەوتە نێودەوڵەتییەکان، دەرهێنەرەکە روونیکردەوە، فیلمەکە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سینەماتیک پاریس لە ساڵی 2026 خەڵاتی باشترین فیلمی بەدەستهێناوە. فیلمەکە بۆ بەشداری لە فێستیڤاڵی فیلم و هونەری ماڵی فەڵەستین لە لەندەن و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی هیفا هەڵبژێردراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فیلمە داستانییە کوردییەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆبانی لە ساڵی 2026 دیاری کراوە.

دەربارەی ناوەڕۆکی بەرهەمەکە، ساعدپەنا دەڵێت: "کورتەفیلمەکە چیرۆکێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی دەگێڕێتەوە و ژیانی مامۆستایەک لە ناوچە شاخاوییەکان دەخاتەڕوو. فیلمەکە لە رێگەی گێڕانەوەکەیەوە بە ئامانجی گەیاندنی ژیان و هەستەکانی مرۆڤانی ناوچە شاخاوییەکان بە زمانی سینەما، باس لە بابەتەکانی لەدەستدان، تەنیا، هاوسۆزی، مرۆڤایەتی و لێبوردەیی دەکات".

بەهۆی بەشدارییە بەردەوامەکان و بەدەستهێنانی خەڵات لە فێستیڤاڵە جیاوازەکاندا، "پاسکیلی ئاوی" بووەتە یەکێک لەو بەرهەمە کورتە سینەماییە کوردییانەی کە چیرۆکێکی ناوچەیی و مرۆیی لە دەرەوەی سنوورەکانیش دەگەیەنێتە بینەرانی سینەما.