ئێران ناوەندێکی سەر بە باڵیۆزخانەی فەرەنسای لە تاران داخست
دادگای تاران بڕیاری داخستنی ناوەندێکی سەر بە باڵیۆزخانەی فەرەنسای دەرکرد و رایگەیاندووە، ئەو ناوەندە لە ژێر ناوی فێرکردنی زمانی فەرەنسی چەندان کاری نایاسایی دژ بە ئاسایشی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامی کردووە.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم کە نزیک لە سوپای پاسدارانە بڵاویکردووەتەوە، ناوەندێکی نایاسایی سەر بە باڵیۆزخانەی فەرەنسا بەهۆی درێژەدان بە چالاکی نایاسایی بەدەر لە پرەنسپی دیپلۆماسی، بە بڕیاری دادگای تاران داخرا، لە ژێر ناوی فێرکردنی زمانی فەرەنسی کاری کردووە.
ئاژانسەکە رایگەیاندووە، سەرەڕای هۆشدارییەکی زۆر لەلایەن دامەزراوە یاساییەکانەوە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی کار و چالاکیی بەگوێرەی یاساکانی وڵات، بەڵام ئەو ناوەندە رەتیکردووەتەوە مۆڵەت وەربگرێت و بە کردار بێڕێزی بە یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە، هەربۆیە لەسەر بنەمای ئەو بێڕێزییە، دادگای تاران فەرمانی داخستنی ناوەندی نایاسایی سەر بە باڵیۆزخانەی فەرەنسای دەرکردووە، لە ساڵانی رابردوودا لە ژێر ناوی فێرکردنی زمانی فەرەنسی بەناوی ناوەندی (CLF) کاری کردووە.
بەگوێرەی فەرمانەکەی دادگای تاران، ئەو ناوەندە لە چەند ساڵی رابردوودا، چەندان پڕۆژەی دژ بە کولتووری ئێران و ئایینی ئیسلام و ئاسایشی نیشتمانیی ئێران جێبەجێکردووە، هاوکات هانی کەسانی پسپۆڕ و شارەزای لە بوارە جیاوازەکانداوە ئێران جێبهێڵن و روو لە هەندەران بکەن.
هەروەها دادگای تاران لە بڕیارەکەیدا جەختیکردووەتەوە، باڵیۆزخانە و نێردە نێودەوڵەتییەکان دەبێت رێز لە یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بگرن و پابەندی پرەنسپی دیپلۆماسی بن.