لە بۆکان چوارەمین فێستیڤاڵی ئیتۆدە شانۆییەکان کۆتاییهات

چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نیشتمانیی ئیتۆدی شانۆیی و کورتەشانۆی کۆمێدی لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای سێ رۆژ چالاکی و ناساندنی گرووپ و هونەرمەندانی سەرکەوتوو، کۆتایی هات. 

چوارەمین خولی فێستیڤالی ئێتۆدە شانۆییەکانی ئێران لە شاری بۆکانی سنووری پارێزگای ورمێ دوای سێ رۆژ بەردەوامبوونی، چالاکییەکانی کۆتایی هات؛ لە فێستیڤاڵەکەدا 38 بەرهەمی شانۆیی لە 25 پارێزگای ئێرانەوە بەشدار بوون و لە هەردوو بەشی شانۆی ناو هۆڵ و شانۆی سەر شەقام بەرهەمەکانیان پێشکەش کرد.

عەلی سەنامیری، یەكێک لە ئەکتەرە بەشداربووەکانی نمایشەکە کە دانیشووی دورگەی خارکی باشووری ئێرانە بۆ کوردستان24 گوتی "ئێمە لە دوورگەی خارگەوە هاتووین و فێستیڤاڵەکە لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بوو، گرووپە بەشداربووەکانی نمایشە شانۆییەکانیان زۆر جوان بوو، هیوادارم ئەم چالاکیانە بەردەوام بن و خەڵکێکی زیاتر لە هۆڵەکاندا سەیری نمایشەکانی شانۆ بکەن، بەڵام لەم چالاکییەدا تەنیا شانۆکارەکان بینەری شانۆی گرووپەکان بوون و خەڵکێکی زۆر کەم ئامادەی چالاکییەکان بوون".

بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵ هیوادارن بتوانن خولی پێنجەمی فێستیڤاڵەکە، لە ساڵی داهاتوودا بەشێوەی نێودەوڵەتی و بە ئامادەبوونی هونەرمەندانی وڵاتانی دیکە و بە تایبەت پارچەکانی دیکەی کوردستان بەڕێوە بچێت.

لەمبارەوە ناسر شەفیعی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی فێستیڤاڵی ئێتۆدە شانۆییەکان بۆ کوردستان24 گوتی" ئومێدێک هەیە ئەم فێستیڤاڵە لە ساڵی داهاتوودا بەشێوەیەکی نێودەوڵەتی بەڕێوەبچێت، چونکە بۆکان بە دژواری توانی چوارەمین فێستیڤاڵ بەڕێوەببات، هەربۆیە دەکرێت و من بە فەرمی رایدەگەیەنم، ئێستا بۆکان بووەتە پایتەختی فێستیڤاڵی ئیتۆدی شانۆیی سەرتاسەری ئێران"

ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لەم فێستیڤاڵەدا بەشی شانۆی سەر شەقامیش بۆ فێستیڤاڵەکە زیاد کرا و جیا لە 30 شانۆنامەی ناو هۆڵەکان، هەشت شانۆنامەی سەر شەقامیش لە شوێنە گشتییەکانی ناوشاری بۆکان نمایش کران.

لە بارە شانۆی سەرشەقام، ئەمیر زارعزادە، دەرهێنەری شانۆ کە لە شاری سەقزەوە بەشداری فێستیڤاڵەکەی کردووە، بۆ کوردستان24 گوتی" ساڵانی رابردووش بەشداری ئەم فێستیڤاڵەم کردووە، بۆ ئەمساڵ بەشێکیان بە ناوی شانۆی سەر شەقام زیاد کردووە، ئەمەش نمایشێکی سەرنجڕاکێشە، چونکە جۆرێکە لەو نمایشە شانۆییەی خەڵکی حەزی لێیەتی، بەو پێیە ئاوێتە خەڵک دەبیت و خەڵکی دەکەیت بە میوانی شانۆکە و باسی گرفت و چەرمەسەرییەکانی رۆژانەی ژیان و گوزەرانی خەڵکی دەکات".

بۆ چوارەمین فێستیڤاڵی ئێتۆدە شانۆییەکانی ئێران لە شاری بۆکان، 239 بەرهەمی شانۆیی لە 31 پارێزگای ئێرانەوە بەڕێ کرابوون. بەڵام تەنیا 38 بەرهەمی شانۆیی لە لایەن لێژنەی داوەرانەوە، دەرفەتی نمایشکردن و بەشداری لە فێستیڤاڵەکەیان بۆ رەخسا.

دیمەنێکی شانۆی سەر شەقام