لە کۆیە کۆنسێرتی گروپی دەفژەنی زەینەب خان بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2026، گروپی دەفژەنیی زەینەب خان وەک یەکەمین گروپی دەفژەنیی خانمان لە هەرێمی کوردستان، لە هۆڵی سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیە یەکەم کۆنسێرتی خۆی پێشکەش دەکات.

ئارەزوو ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری گشتیی گروپەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند: "گروپەکە لە 22 موزیکژەنی ئافرەت پێکدێت و کۆنسێرتەکە دوای خولێکی چڕی راهێنان دێت کە ماوەی سێ مانگ بەردەوام بوو. لەو ماوەیەدا ئەندامانی گروپەکە لەناو باڵەخانەی ئینستیتوتی زەینەب خان لە کۆیە، بەردەوام سەرقاڵی مەشق و پرۆڤەبوون لەسەر لێدانی ریتمە جیاوازەکانی دەف و هاوئاهەنگیکردنی دەنگ و ئاوازەکان."

ئارەزوو ئیسماعیل دەربارەی بەرنامەی کۆنسێرتەکە گوتی: "لە کۆنسێرتەکەدا کەشوهەوایەکی تایبەتی فۆلکلۆری و رۆحی بەسەر هۆڵەکەدا زاڵ دەبێت، چەندین پارچە ئاوازی رەسەن و بەرهەمی گۆرانی بە شێوازی بەکۆمەڵ و بە یاوەریی ژەنینی ریتمیکی دەف پێشکەش بە ئامادەبووان دەکرێت. هیوادارین لەلایەن ئامادەبووانەوە پێشوازییەکی باشی لێ بکرێت."

سەبارەت بە کارئاسانییەکان بۆ ئەو کۆنسێرتە، ئارەزوو ئیسماعیل روونیکردەوە: "ئەم پرۆژەیە بە هاوکاری و پشتیوانیی راستەوخۆی ئینستیتوتی زەینەب خان هاتووەتە بەرهەم و سەرجەم کارئاسانییەکان بۆ سەرکەوتنی بۆنەکە دابین کراوە. لە رووی راهێنان و لایەنی هونەرییەوە، مامۆستا مەنم مۆلاییش لە شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەشداری کردووە و وەک راهێنەر و مامۆستای دەف، بە شێوازێکی ئەکادیمی سەرپەرشتیی مەشق و پرۆڤەی بەشداربووانی کردووە."

ئارەزوو ئیسماعیل ئەوەشی خستەڕوو: "دەستپێکی کارەکانی گروپەکە لەم رۆژەدا دەرەنجامێکی بەرچاو بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەمەش ئومێدێکی گەورەتر بە گروپەکە دەبەخشێت بۆ بەردەوامبوون. پرۆژەکەمان بەردەوام دەبێت و لە داهاتوودا بە بەرهەم و چالاکی نوێتر و رێکخراوتر خزمەت بە بزووتنەوەی هونەری و فەرهەنگیی ناوچەکە دەکەین."