پزیشکیان دەچێتە نیویۆرک

میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، مەسعوود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران سبەی سێشەممە بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەو شاری نیویۆرکی ئەمریکا بەڕێدەکەوێت، هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر ئامادەیی خۆی بۆ دیداری ناوبراو دەربڕیوە و سەرۆککۆماری فەرەنساش پلانی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی تاران هەیە.

دووشەممە 21ـی ئەیلوولی 2026، حەبیبوڵڵا عەباسی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییە گشتییەکانی نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆمار ڕایگەیاند، پزیشکیان سبەی سێشەممە دەگاتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە کارەکانی خولی 81ەیەمی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.

کارنامەی سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران پێشکەشکردنی گوتاری وڵاتەکەی لەبەردەم سەرکردەکانی جیهان، ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی باڵای دەوڵەتانی بەشداربوو، لە پاڵ کۆبوونەوە لەگەڵ رەوەندی ئێرانیی نیشتەجێی ئەمریکا، کەسایەتییە زانستییەکان و نوێنەرانی ناوەندەکانی توێژینەوەی ئەمریکی لەخۆدەگرێت.

ئاژانسی ئیرنا ئاماژەی بەوە کردووە، سەردانەکەی پزیشکیان لە ژێر کۆتوبەندی توندی دیپلۆماسیدا بەڕێوەدەچێت، بە جۆرێک حکوومەتی ئەمریکا رەتیکردووەتەوە ڤیزای چوونەژوورەوە بە بەشێک لە ئەندامانی شاندە یاوەرەکەی ئێران بدات، لە نێویاندا تەواوی تیمی میدیایی و رۆژنامەنووسانی سەر بە نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆمار کە بڕیار بوو رووماڵی چالاکییەکانی سەرۆککۆمار لە نیویۆرک بکەن.

ئەم هەنگاوەی واشنتن لە چوارچێوەی ئەو رێکارە سنووردارکردنانەدایە کە لە سەردەمی جەنگدا بەسەر شاندی دیپلۆماسیی تاراندا سەپێنراون.

ئەم گەشتە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ بە فەرمی رایگەیاندبوو، ئەو دەرگای دانەخستووە و ئامادەیە چاوی بە پزیشکیان بکەوێت لە میانی ئامادەبوونی لە خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.

هاوکات کۆشکی ئەلیزێ لە پاریس ئاشکرای کرد کە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنسا لە پلاندایە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا رێکبخات کە دیداری راستەوخۆ لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران لەخۆدەگرێت.

لە لایەکی دیکەشەوە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی یەکشەممە بەر لە بەڕێکەوتنی بەرەو نیویۆرک سەردانی دەوحەی پایتەختی قەتەری کردبوو بۆ تاوتوێکردنی مەرجەکانی ئاگربەست لەگەڵ نێوەندگیرەکان.