وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە نیویۆرک
وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیاند; وەزیری دەرەوە، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی دیپلۆماسی بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گەییشتە نیویۆرک.
تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران, پاش گەییشتنی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامداوە و تێیدا بیروڕایان سەبارەت بە خشتەی کاری کۆمەڵەی گشتی ئاڵوگۆڕ کردووە.
میدیاکانی ئێران لە زاری عێراقچییەوە گواستیانەوە: "ئامانجی گرنگمان سوودوەرگرتنە لەم سەکۆ نێودەوڵەتییە گەورەیە بۆ بەرگریکردن لە مافە رەواکان و بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران."
پێشتر میدیا فەرمییەکانی ئێران رایانگەیاندبوو، مەسعود پزیشکیان سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات. ئەمریکا رەتی کردبووەوە ڤیزای چوونەژوورەوە بۆ ژمارەیەک لە ئەندامانی شاندەکە دەربکات، لەوانە بەشێک لە تیمی راگەیاندنی سەرۆک.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پاش گەییشتنیان بۆ نیویۆرک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، عێراقچی بە سەرۆکی شاندی دیپلۆماسیی ئێران لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی ناو برد.
بەقایی روونیکردەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران گفتوگۆ و راوێژ لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان و وەزیرانی دەرەوەی بەشداربووی خولەکە دەکات.
سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا رێگەی بە شاندە ئێرانییەکە داوە بەشداریی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن، هەمان ئەو رێکارانەی ساڵی رابردووی بەسەردا سەپاندوون، لەوانە قەدەخەکردنی کڕینی کەلوپەلی گرانبەها یان هەندێک بەرهەمی دیکە لە ماوەی مانەوەیان لە نیویۆرک.
عێراقچی ئێوارەی یەکشەممە ئێرانی بەجێهێشت و بەرەو قەتەر چوو، کە رۆڵی نێوەندگیری لەنێوان تاران و واشنتن دەگێڕێت.
ئێران رایگەیاندووە، لە رێگەی قەتەرەوە مەرجەکانی خۆی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی کەشتییەکاندا گەیاندووەتە ئەمریکا، کە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگەوە پێکی نەهێناوە.
هاوکات، ئەمریکا گەمارۆیەکی پێچەوانە دەخاتە سەر بەندەرەکانی ئێران.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران, پلەدارترین بەرپرسی ئێرانە سەردانی ئەمریکا بکات لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی لە 28ـی شوبات، کە لێکەوتەکانی ناوچەکەی بەخۆوە بینیوە.
Iran’s Foreign Minister, Abbas Araqchi, has arrived in New York for the UNGA. pic.twitter.com/UFHC0QCyuI
— Eli Afriat 🇮🇱 (@EliAfriatISR) September 21, 2026