دەستپاکیی عێراق تۆڕێکی گەندەڵیی گەورە لە بابل ئاشکرا دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق رایگەیاند، تۆڕێکیان ئاشکراکردووە کە دەستیان بە کڕینی زیاتر لە 170 موڵک لە پارێزگاکانی بابل و بەغدا کردووە، کە بەهایان بە دەیان ملیار دینار مەزەندە دەکرێت.

تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی بابل پاش بەدواداچوونی ورد، توانیان تۆڕێک لە 9 تۆمەتبار ئاشکرا بکەن و سەرجەم ئەندامانی دەستگیر بکەن. سەرۆکی ئەو تۆڕە بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی شارەدێی ئەبی غەرەقە و پێشتر پۆستی بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی مەنسوور و بابلی بەڕێوەبردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دەستەکە، تۆڕەکە موڵکەکانیان بە ناوی کەسانی دیکە و لەنێویاندا خزم و هاوڕێکانیان تۆمارکردووە، تاوەکو خاوەندارێتیی راستەقینەیان بشارنەوە و لە پشکنینی دارایی بەدوور بن. ئەم موڵکانە زەویی دەوڵەت و زەویی کشتوکاڵیشیان لەخۆگرتووە.

دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە بابل، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرجەم تۆمەتباران بەپێی ماددەکانی 289 و 298 لە یاسای سزادان دەرکردووە. هاوکات دادگا بڕیاریدا دەست بەسەر سەرجەم بەڵگەنامە و دۆسیە پەیوەندیدارەکاندا بگیرێت.

تیمێکی دەستەکە بە هاوکاریی شانەی هەواڵگریی سەقر، دەستیان بە بەدواداچوونی بەڵگەنامەکان کرد، دوای ئەوەی زانیارییان پێگەیشت تۆمەتباران هەوڵیانداوە بەڵگەکان لەناوببەن. پرۆسەی بەدواداچوون بووە هۆی دۆزینەوەی بەشێک لە بەڵگەنامەکان کە لەنێو جانتایەکدا لەنێو گیادە و پوشدا شاردرابوونەوە.

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە بەشێکی دیکەی بەڵگەنامەکان لە کەناراوەکانی رووباری حلە فڕێدراون، بە مەبەستی رێگریکردن لە لێکۆڵەران تاوەکو نەتوانن سەلماندنی کڕینی موڵکەکان بە ناوی کەسانی دیکەوە بە ئەنجام بگەیەنن. تیمی لێکۆڵینەوە گەیشتوونەتە شوێنەکە و بەڵگەنامەکانیان لە ئاوەکە دەرهێناوەتەوە.

دەرکەوتووە سەرۆکی تۆڕەکە، خاوەنی دوو باڵەخانەی بازرگانییە لە سەنتەری حلە، جگە لەو موڵکانەی پێشتر ئاماژەیان پێکرا. دەستەی دەستپاکی جەختیکردەوە، سەرجەم بەڵگەکان بەشێوەیەکی رێکاری دۆکیۆمێنت کراون و تۆمەتباران رەوانەی بەردەم دادوەر کراون.

دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاریدا لێکۆڵینەوەکان بەپێی ماددەی 19/2 لە یاسای دەستەی دەستپاکی و دەستکەوتی نایاسایی ژمارە 30ی ساڵی 2011ـی هەموارکراو تەواو بکات.