ئینتەرنێتەکەی مەسک لە عێراق دەکەوێتە کار

دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ئاشکرای دەکات، لە چەند رۆژی داهاتوودا یەکەم کاروانی ئامێرەکانی ستارلینک بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی ئاسمانی دەگاتە دەست بەکارهێنەران و کێشە گومرگییەکانی ئەو کۆمپانیایەش چارەسەر کراون.

دەستەکە رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ئەو ئامێرانەی ستارلینک کە پێشتر راگیرابوون، ئەوەش بە مەبەستی خێراکردنی پرۆسەی گەیشتنیان بۆ بازاڕەکانی عێراق.

هەروەها روونیکردەوە، دواکەوتنی بارەکان پەیوەندی بە رێکارەکانیانەوە نەبووە، بەڵکوو بەهۆی تەواوکردنی پێداویستییەکانی سیستمی گومرگی (ئاسیکوودا) بووە لە لایەن ستارلینکەوە. ئاماژەی بەوەش دا، هەفتەی رابردوو کۆمپانیاکە سەرجەم مەرجە یاسایی، گومرگی و باجەکانی جێبەجێ کردووە.

لە هەمان کاتدا بەلیغ ئەبوکەلەل، سەرۆکی دەزگای جێبەجێکردن لە دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان، لەگەڵ فالح ساری وەزیری دارایی کۆبووەتەوە بۆ ئاسانکاری لە هاتنەناوەوەی ئامێرە رێگەپێدراوەکان. دەستەکە جەختی لەوە کردەوە، بە چارەسەرکردنی ئاستەنگە یاساییەکان، پرۆسەی هاتنەناوەوەی ئامێرەکانی ستارلینک کەوتووەتە سەر رێڕەوی خۆی و بارەکانی داهاتووش بە ئاسانی دەگەنە دەست هاووڵاتییان.

خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی ستارلینک کە سەر بە کۆمپانیای (سپەیس ئێکس)ـە و لە لایەن ملیاردێری ئەمریکی ئیلۆن مەسکەوە خاوەندارێتی دەکرێت، پشت بە تۆڕێکی گەورەی مانگە دەستکردەکان دەبەستێت لە خولگەی نزمدا بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی خێرا بۆ ئەو ناوچانەی ژێرخانی ئینتەرنێتیان لاوازە.

حکوومەتی عێراق لە ماوەی رابردوودا بڕیاری دا مۆڵەتی فەرمی بە کۆمپانیای ستارلینک بدات بۆ کارکردن لە ناوخۆی وڵاتدا. ئەمەش وای کرد عێراق ببێتە یەکێک لە یەکەمین وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە فەرمی رێگە بەم خزمەتگوزارییە بدات. ئامانج لەم هەنگاوەی بەغدا، باشترکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت، زیادکردنی کێبڕکێ لە بازاڕی پەیوەندییەکان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە بۆ ئەو ناوچە دوورەدەست و گوندانەی هێڵەکانی ئینتەرنێتیان پێ نەگەیشتووە.

سەرەڕای پێدانی مۆڵەتەکە، پرۆسەی هێنانی ئامێرەکانی پێشوازیی ئینتەرنێتەکە (دەفرەکان) لە دەروازە سنوورییەکان رووبەڕووی کێشەی گومرگی و باج بووەوە و بۆ ماوەیەک راگیران؛ بەڵام ئێستا بە چارەسەرکردنی ئەو کێشانە و گەیشتنی ئامێرەکان، پێشبینی دەکرێت لە مانگەکانی داهاتوودا بەکارهێنانی ئەم جۆرە ئینتەرنێتە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی فراوانتر بڵاو ببێتەوە.