سوپای پاسداران: ئەمریکا هەوڵی داوە پەیوەندیمان پێوە بکات

گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا لە هەوڵی ئەوەدا بووە پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە بکات بەڵام ئەوان داواکەیان رەتکردووەتەوە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتن تەنیا لە رێگەی چەکەوە دەبێت. هاوکات هۆشدارییدا تاران مەرجەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ قورستر کردووە و لە ئەگەری هەر هێرشێکی نوێدا، هێزەکانیان دەستپێشخەریی هێرشکردن دەگرنەبەر نەک تەنیا وەڵامدانەوە.

سێشەممە 22ـی ئەیلوولی 2026، حوسێن موحێبی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرای کرد، واشنتن هەوڵی پەیوەندیکردنی لەگەڵ داون و گوتی: ئەمریکییەکان هەوڵیان دا پەیوەندیمان پێوە بکەن، بەڵام ئێمە هەر جۆرە پەیوەندییەکی لەو شێوەیە رەتدەکەینەوە. مامەڵەی ئێمە لەگەڵ دوژمن تا ئەو کاتەی دوژمنکارانە بمێنێتەوە، تەنیا لە رێگەی چەکەوە دەبێت. موحێبی روونیشیکردەوە دۆسیەی دیپلۆماسی لە دەسەڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندایە.

سەبارەت بە هەوڵەکانی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگ، گوتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند، دوای شکستهێنانی رێککەوتنەکەی مانگی حوزەیران، تاران مەرجەکانی لە بەرامبەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا قورستر کردووە و گوتی: ئەوان رێککەوتنەکەیان شکاند و دەستیان دایە کردەوەیەکی دڕندانەی دیکە، بۆیە ئێمەش مەرجەکانمان توندتر کرد؛ ئەگەر ئەمریکاش لەسەر ئەم رێگەیە بەردەوام بێت، تەنیا دۆخەکە لەسەر خۆی قورستر دەکات. جەختیشی کردەوە کە واشنتن هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لەوەی مەرجەکانی ئێران قبووڵ بکات.

لە لایەکی دیکەوە، حوسێن موحێبی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس هۆشداریی توندی دایە بەرپرسانی کۆشکی سپی لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر پەلامارێکی نوێ بۆ سەر کۆماری ئیسلامی و رایگەیاند: ئەگەر ئەوان هەڵەشەیی بنوێنن و مێژوو دووبارە ببێتەوە، بە سوودوەرگرتن لەو ئەزموونەی بەدەستمان هێناوە، بێگومان بەرگرییەکەمان زۆر بەهێزتر دەبێت؛ ئەمجارە ئێمە تەنیا وەڵام نادەینەوە، بەڵکو دەستپێشخەریی هێرشکردن دەکەین و دۆخی هێرشبەرانە وەردەگرین، ئەمریکاش پەشیمان دەبێتەوە و تووشی شەرمەزارییەکی مێژوویی زۆر گەورەتر لە جاران دەبێت.