ئێران وەڵامی هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا دەداتەوە
تاران وەڵامی لێدوانە توندەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەداتەوە
دەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران و بارەگای خاتەمولئەنبیا لێدوانەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان بە دوژمنکارانە و ئامرازێک بۆ بانگەشەی ناوخۆیی وەسف کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، دەستەکە و بارەگاکە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، کە ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردەوە، رایانگەیاند ئەو هەڕەشانەی ترەمپ لە سەکۆی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئاراستەی کردوون، دەریدەخەن ئەمریکا لەو دوژمنکارییەی بەرامبەر ئێران دەیکات، رووبەڕووی پێکدادانی یەکلاکەرەوە بووەتەوە.
لە بەیاننامەکەدا روونیکردەوە، لێدوانە دوژمنکارانە و هەڕەشە دووبارەکانی سەرۆکی ئەمریکا دژی ئێران، کە هاوکاتە لەگەڵ بەکارهێنانی نادروستی سەکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاساو هێنانەوە بۆ دوژمنکاری، دروستکردنی نائارامی و کردەوەی چەتەیی لە ئاستی جیهاندا، هیچ بنەمایەکی راستیان نییە و زیاتر وەک ئامرازێک بۆ بانگەشەی ناوخۆیی دەردەکەون.
دەستەی ئەرکانی گشتی و بارەگای خاتەمولئەنبیا جەختیانکردەوە، دووبارەکردنەوەی ئەو تۆمەت و هەڕەشانەی بێ بنەما، لە سایەی ئەو دۆخەی سوپای ئەمریکا تێیکەوتووە و ماندووبوونێکی زۆری پێوە دیارە، نیشانەی هێز نییە، بەڵکو دەریخەری پەککەوتووییەکی ستراتیژییە.
ئەو دامەزراوە سەربازییانەی ئێران رایانگەیاند، تاران هەمیشە رەگێکی ئەمنی بووە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە بواری بازرگانیی ئازاد و نێودەوڵەتیدا. بە گوتەی ئەوان، ئەمریکا بەهۆی بوونی نایاسایی و دوژمنکارانەی لە رۆژئاوای ئاسیا، سەرچاوەی هەڕەشە و نائارامییە و هەوڵدەدات شکستی دووبارەی لە کارە دوژمنکارانەکانی دژی ئێران و چەتەییی دەریاییدا قەرەبوو بکاتەوە، ئەوەش لە رێگەی بە بارمتەگرتنی ئابووریی جیهانی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی.
دوێنێ سێشەممە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئەمریکا لە هەر کاتێکی دیکە بەهێزترە. ترەمپ روونیکردەوە، ئێران لەگەڵ بەردەوامیی گرژییەکان لە گەرووی هورمز و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، رووبەڕووی دوو بژاردە بووەتەوە.
ترەمپ لە وتارەکەیدا لە کردنەوەی گفتوگۆکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "ئێران سەرەکیترین پاڵپشتیکاری تیرۆرە لە جیهاندا". ترەمپ داوای لە سەرکردایەتیی ئێران کرد رێککەوتنێک واژۆ بکەن، بەڵام بەرپرسانی ئەو وڵاتە رەتیانکردەوە.
ترەمپ هەروەها گوتی: "ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ستەمکار بوو، بەڵام ئیتر وا نەماوەتەوە". سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی لە رێگەی هێرشە ئاسمانییەکانی ساڵی 2025ـەوە، ژێرخانە ئەتۆمییەکانی ئێرانی لەناوبردووە.