بەقایی مەرجەکانی تارانی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ واشنتن ئاشکرا کرد

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئاشکرای کرد گەڕێکی نوێی ئاڵوگۆڕی پەیام و روونکردنەوەی هەڵوێستەکان لە نێوان تاران و واشنتن لە رێگەی نێوەندگیرە قەتەرییەکانەوە بەڕێوەچووە، هاوکات ئێران کۆمەڵێک پێشمەرجی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە دیپلۆماسییەکان خستووەتە بەردەم لایەنی ئەمریکی.

چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، گەڕێکی نوێی ئاڵوگۆڕی پەیام و روونکردنەوەی هەڵوێستەکان لە نێوان ئێران و ئەمریکا لە رێگەی نێوەندگیرانی قەتەرییەوە بەڕێوەچووە، هاوکات تاران مەرجە سەرەکییەکانی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی دیپلۆماسی دەستنیشان کردووە.

بەقایی روونی کردەوە، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی پەیامەکان نزیکەی دوو کاتژمێری خایاندووە و، لەو ماوەیەدا هەڵوێست و مەرجەکانی ئێران سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی رێڕەوی دیپلۆماسی گەیەندراوەتە لایەنی ئەمریکی، بە شێوازێکی تەواو روون و ئاشکرا کە هیچ جێگەیەک بۆ گومان ناهێڵێتەوە.

سەبارەت بە وردەکاریی مەرجەکانی تاران، بەقایی ئاشکرای کرد کە مەرجە سەرەکییەکانی ئێران بریتین لە:

-راگرتنی سەرجەم رێکارە دوژمنکارییەکانی ئەمریکا، لە سەرووی هەمووشیانەوە گەمارۆی دەریایی و ئەوەی بە "تیرۆری ئابووری" ناوزەندی کرد.

-کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاڵۆزییەکان لەسەرجەم بەرەکاندا.

-ئازادکردنی سەرجەم سەرمایە و داراییە سڕکراوەکانی ئێران یان ئەو سەرمایانەی خراونەتە ژێر سنووردارکردنەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە، یەکێکی دیکە لە مەرجە بنەڕەتییەکان بریتییە لە: قبووڵکردنی دەستەبەرکردنی رێڕەوێکی کەشتیوانیی ئارام و پارێزراو، بە پێی ئەو فۆرمولە و میکانیزمەی کە لە نێوان حکوومەتی هەردوو وڵاتی کەناراودا رێککەوتنی لەسەر کراوە.

سێشەممە 22ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، شاندێکی ئەمریکا بە بەشداریی جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف، کۆبوونەوەیەکی سێ کاتژمێرییان لەگەڵ شاندی ئێرانی لە نیویۆرک ئەنجام داوە.

ترەمپ کۆبوونەوەکەی بە زۆر باش و بەرهەمدار وەسف کردبوو و گوتوبووی: کۆبوونەوەیەکی دیکەش لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا دیاریکراوە؛ ناتوانم وێنای بکەم بۆچی دەبێت ئێران رێککەوتن نەکات، چونکە ئەوان لەبەردەم دوو بژاردەی دیاریکراودان: یان گەورەیی و پێشکەوتنی وڵاتەکەیان لە رێگەی رێککەوتنەوە، یان لەناوچوونی تەواوەتی.

لە لایەکی دیکەوە میدیای فەرمیی ئێران، دووپاتی کردبووەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ شاندێکی ئەمریکا کۆبووەتەوە

هەر دوێنێ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە کەناڵی (NBC)ی راگەیاندبوو، ترەمپ ئامادەیە راستەوخۆ لە نیویۆرک لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆببێتەوە، چونکە باوەڕی وایە گفتوگۆکردن بۆ چارەسەری کێشەکان گرنگە، بەڵام تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ دیدارێکی لەو شێوەیە دیاری نەکراوە.