سێنتکۆم: رێگری لە 115 کەشتی ئێرانی کراوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە دەستپێکردنەوەی گەمارۆ دەریاییەکانەوە رێگرییان لە دەیان کەشتی کردووە روو لە ئێران بکەن؛ هاوکات سەرۆکی ئەمریکاش رایدەگەیەنێت بەم نزیکانە بڕیار لەبارەی تارانەوە دەدات و بژاردەی سڕینەوە لەسەر مێزە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئاشکرای کرد، گەمارۆ دەریاییەکەی واشنتن لە دژی تاران وەک دیوارێکی پۆڵایین کار دەکات و لە 14ـی تەممووزەوە هێزەکانیان توانیویانە ئاراستەی 115 کەشتی بگۆڕن و رێگرییان لێ بکەن لەوەی هاتووچۆی بەندەرەکانی ئێران بکەن.

ئەم هەنگاوە سەربازییەی سێنتکۆم لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە ئاستێکی باڵا، بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند کە بەم زووانە بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئەو وڵاتەوە دەدات.