پزیشکیان جەخت لە گەڕانەوە بۆ لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد دەکاتەوە

مەسعود پزیشکیان: پێزانینمان بۆ هەڵوێستە ژیرانەکانی سەرۆکی چین لە پشتگیریی دیپلۆماسی هەیە

سەرۆککۆماری ئێران پێشوازی لە هەڵوێستی سەرۆکی چین کرد بۆ پشتیوانیکردن لە چارەسەری ئاشتییانەی ناکۆکییەکان لە رێگەی دیپلۆماسییەوە، و جەختیشی کردەوە کە تاران ئامادەی گەڕانەوەیە بۆ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد بە مەبەستی ئەنجامدانی دانوستانێکی بنەڕەتی و بەرهەمدار.

هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" دەستخۆشی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرکردایەتیی چین کرد لەبەرانبەر چارەسەرکردنی کێشە نێودەوڵەتییەکان و نووسیویەتی: "پێزانینم بۆ پشتیوانییە ژیرانە و بەرپرسیارانەکەی شی جینپینگ، سەرۆکی چین هەیە بۆ گەڕانەوە بەرەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد و یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان لە رێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەوە."

سەرۆککۆماری ئێران لە درێژەی پەیامەکەیدا سەرنجی خستە سەر هەڵوێستی تاران بەرامبەر بەو پرۆسەیە و ڕایگەیاند، ئێران هاوڕای ئەم رێبازەیە و جەخت لەسەر گرنگیی گەڕانەوە بۆ ئەو لێکتێگەیشتنە دەکاتەوە؛ دەبێت رێز لەو پابەندییانە بگیرێت کە پێشتر لەسەریان رێککەوتووین، هەروەها هەلومەرجی لەبار بڕەخسێنرێت تاوەکو دانوستانگەلێکی جددی، بنەڕەتی و بەرهەمهێنەر بەرەو پێشەوە بچن."

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ سەرۆکی چین دوای مانەوەی سێ ڕۆژ لە ئەمریکا و ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەڕایەوە بەیژینگ، لەکاتی ماڵئاواییکردنی شی، ترەمپ بە میدیاکانی راگەیاند، پرسی جەنگی ئێرانیان تاوتوێ کردووە، هاوکات ئاژانسی هەواڵی چینیش پێشتر بڵاوی کردبووەوە، سەرۆکی وڵاتەکەی داوای لە سەرۆکی ئەمریکا کردووە، لە رێگەی گفتوگۆوە کەشەکانیان چارەسەر بەکەن.