ئێران بژاردەی وەڵامدانەوەی سەربازی بۆ سنووردارکردنی گەشتە ئاسمانییەکان رەتدەکاتەوە
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بە فەرمی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە وەڵامدانەوەی سەربازیی تاران دەکەن لە بەرامبەر سەپاندنی سنووردارکردنی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ سەر وڵاتەکەی. هاوکات جەختیشی کردەوە، دانوستانەکان بۆ چارەسەری کێشەکە بەردەوامن و هۆشداریشی دا لە کاتی پێویستدا دەست بۆ رێکاری تۆڵەسەندنەوەی ناسەربازی لە دژی هەندێک فڕۆکەخانە دەبەن.
شەممە 26ـی ئەیلوولی 2026، نووسینگەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران سەرنجی خستە سەر لێدوانەکانی ئەم دواییەی سکرتێری ئەنجوومەنەکە سەبارەت بە پرسی هێڵی گواستنەوەی ئاسمانی و رایگەیاند، بەشێک لە میدیاکان لێکدانەوەی نادروستیان بۆ ئەو گوتانە کردووە.
لە روونکردنەوەکەدا سێ خاڵی سەرەکی دەستنیشان کراون؛ ئەنجوومەنەکە بە توندی ئەو دەنگۆیانە رەتکردەوە کە گوایە ئێران لە بەرامبەر سەپاندنی سنووردارکردنە ئاسمانییەکان پەنا دەباتە بەر رێکاری تۆڵەسەندنەوەی سەربازی.
جوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران جەخت لەوە کردووەتەوە، دانوستان لە نێوان تاران و وڵاتانی پەیوەندیدار بە مەبەستی هەڵگرتنی ئەو رێکارە ئاسمانییە "نایاساییانە"، بە شێوەیەکی زۆر جددی لە ئارادایە و بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
لە خاڵی کۆتاییدا هۆشداری دراوە کە تاران خاوەنی چەندین رێکاری ناسەربازیی هاوشێوەیە کە دەکرێت لە کاتی پێویستدا لە دژی ژمارەیەک لە فڕۆکەخانەکان پیادەیان بکات، هەرچەندە ئاماژە بەوەش کراوە کە ئێران هیواخوازە ئاڵۆزییەکان نەگەنە ئەو ئاستە.