ئیبراهیم عەزیزی: ئەمریکا لە رەتکردنەوەی مەرجەکانمان پەشیمان دەبێتەوە
سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، تا ئەو کاتەی واشنتن سەرجەم مەرجەکانی تاران قبووڵ نەکات، گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانیدا ناکرێتەوە؛ هاوکات هۆشداریی دا کە ئەمریکا تووشی هەڵەیەکی گەورەی ستراتیژی بووە و باجی لەدەستدانی ئەم دەرفەتە دەدات.
شەممە 26ـی ئەیلوولی 2026، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، لە لێدوانێکدا سەرنجی خستە سەر هەڵکشانی گرژییەکان لەگەڵ واشنتن و رایگەیاند، لێکدانەوە سەربازی و سیاسییەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە وڵاتەکەی هەڵەی گەورەی تێدایە.
ئیبراهیم عەزیزی گوتی: "واشنتن جەنگێکی لە دژی ئێران هەڵگیرساندووە کە هیچ دەستکەوتێکی بۆ نەبووە و نەیتوانیوە بە هیچ یەک لە ئامانجەکانی بگات؛ تەنانەت ئەو بنکە سەربازییانەی کە رۆژگارێک ئەمریکا لە ناوچەکەدا شانازیی پێوە دەکردن، ئێستا لەکارکەوتوون و کەڵکی کردەییان نەماوە."
سەبارەت بە چارەنووسی هێڵی کەشتیوانی لە کەنداو، سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی پەرلەمانی ئێران پێداگریی وڵاتەکەی لەسەر مەرجەکانی دووپات کردەوە و رایگەیاند: تا ئەو کاتەی مەرجەکانی تاران جێبەجێ نەکرێن، گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییەکاندا ناکرێتەوە. ئێمە مەرجەکانمان لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد گەیاندووەتە ئەمریکا، و واشنتن لە داهاتوودا لە لەدەستدانی ئەم دەرفەتە گەورەیە بە توندی پەشیمان دەبێتەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، عەزیزی ئاماژەی بە توانای بەرگری و ئەمنیی تاران کرد و جەختی لەوە کردەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێو خاکی خۆیدا بەرگری دەکات و دۆخی ناوخۆی وڵاتیش بە تەواوی جێگیرە؛ هۆشداریشی دا سوپای ئێران "بانکی ئامانجە سەربازییەکانی خۆی نوێ کردووەتەوە" و دەزگا هەواڵگرییەکانی تاران لە هەموو شوێنێک ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر جموجووڵێک.