واشنتن ستارشیپ ئاراستەی خولگەی زەوی دەکات
دوای سێ ساڵ لە یەکەم گەشتی تاقیکاری، موشەکی "ستارشیپ"ی سەر بە کۆمپانیای سپەیس ئێکس ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی رۆژی دووشەممە هەوڵی چوونەنێو خولگەی زەوی بدات، ئەمەش هەنگاوێکی سەرەکییە لە پەرەپێدانی ئەم کەشتییە ئاسمانییە زەبەلاحەی کە بۆ ئەنجامدانی گەشتی داهاتوو بۆ سەر مانگ و مەریخ دروستکراوە.
موشەکەکە لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکاوە هەڵدەدرێت و پێشبینی دەکرێت گەشتە تاقیکارییەکە نزیکەی 10 کاتژمێر بخایەنێت. لەم گەشتەدا بەشی سەرەوەی موشەکەکە هەوڵ دەدات بچێتە خولگەی زەوی و 26 مانگی دەستکردی نەوەی نوێی تۆڕی "ستارلینک" جێگیر بکات. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش پێویستە موشەکەکە بگاتە بەرزی 275 کیلومەتر لە سەرووی ئاستی زەوی و خێراییەکەی بگاتە نزیکەی 28000 کیلومەتر لە کاتژمێرێکدا.
پڕۆژەی ستارشیپ کە لەلایەن ئیلۆن مەسکەوە سەرپەرشتی دەکرێت، ئامانج لێی دروستکردنی موشەکێکە کە بە تەواوی توانای بەکارهێنانەوەی هەبێت بۆ گەشتە بازرگانییەکان و گەیشتن بە قووڵایی گەردوون. هەرچەندە تاقیکردنەوەکانی پێشوو رووبەڕووی ئاستەنگی تەکنیکی و تەقینەوە بوونەتەوە، بەڵام سپەیس ئێکس بەردەوامە لە فڕینی تاقیکاری و بڕیارە پاش خولانەوەی لە دەوری زەوی، موشەکەکە لە زەریای هێمن بنیشێتەوە.