ئێران سکاڵای دژی ئەمریکا تۆمار کرد
ئێران سکاڵایەکی فەرمیی لە دژی سنووردارکردنی گەشتە ئاسمانییەکان لەلایەن ئەمریکاوە، پێشکەش بە رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی نێودەوڵەتی (ئیکاو) کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2026، بەرپرسی رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران لەمبارەیەوە رایگەیاند، ئەو دەزگایە بەهۆی ئەو سنووردارکردنانەی واشنتن خستوویەتییە سەر هێڵە ئاسمانییەکانی وڵاتەکە، رێکارە یاساییەکانی پێشکەشکردنی سکاڵاکەی لەو رێکخراوە جیهانییە تەواو کردووە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێرنا، ئەبووزەر شیروودی، بەرپرسی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران لەبارەی هۆکاری ئەم هەنگاوە گوتی: "بۆ بەرگریکردن لە مافە رەواکانی پیشەسازیی فڕۆکەوانی و رووبەڕووبوونەوەی ئەو سنووردارکردنە نایاساییانەی ئەمریکا سەپاندوویەتی، ئێران ناڕەزایەتییەکی فەرمیی تۆمار کردووە و پێشکەش بە رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی نێودەوڵەتی کردووە."