نوێنەری حکوومەتی ئیسپانیا لە سەبتە دەستی لەکارکێشایەوە

نوێنەری حکوومەتی ئیسپانیا لە سەبتە دەستی لە کار کێشایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی شارەکە بەهۆی شەپۆلی کۆچبەرانی سنوورەوە رووبەڕووی فشارێکی زۆر بووەوە.

نوێنەری حکوومەتی ئیسپانیا لە سەبتە، ناوچەیەکی ئیسپانییە لە باکووری ئەفریقا، بەهۆی هۆکاری کەسی دەستی لە کار کێشانەوەی راگەیاند. ئەم هەنگاوە چەند هەفتەیەک دوای ئەو فشارانە دێت کە پەیوەست بوون بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ شەپۆلی کۆچبەران لە مەغریبەوە بۆ ناو شارەکە.

قەیرانەکە کۆتایی تەممووزی رابردوو دەستی پێکرد، کاتێک زیاتر لە 72 هەزار کۆچبەر گەیشتنە سەبتە. ئەم رووداوە بووە هۆی قەرەباڵخییەکی زۆری ناوەندەکانی پێشوازیکردن و گەرمبوونی گفتوگۆکان دەربارەی سیاسەتی کۆچبەری لەسەر یەکێک لە سنوورە وشکانییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە ئەفریقا.

زۆربەی کۆچبەران دواتر شارەکەیان جێهێشت، هەرچەندە هێشتا هەزارانیان لەو ناوچەیەدا ماونەتەوە کە خاوەن حوکمی زاتییە. حکوومەتی ئیسپانیا بە سەرۆکایەتیی پێدرۆ سانشێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، هەوڵێکی زۆری دا دەرهاویشتە سیاسییەکانی ئەو دۆخە کۆنترۆڵ بکات.

میگێل ئانخێل پێرێز تریانۆ، نوێنەری حکوومەت کە سەرپەرشتیی هەماهەنگیی نێوان حکوومەتی سەبتە و دەزگاکانی حکوومەتی ئیسپانیا و هێزە ئەمنییەکانی دەکرد، بەرگری لە شێوازی مامەڵەکردنی خۆی لەگەڵ قەیرانەکە کرد. پێرێز تریانۆ گوتی: "لێکۆڵینەوەکانی دوای قەیرانەکە، لەگەڵ ئەو هەڵمەتی ناوزڕاندنەی دژی من و خێزانەکەم دەستی پێکرد، چیتر جێگەی قبووڵکردن نییە."

پێرێز تریانۆ روونیکردەوە، خێزانەکەم شایەنی ئەوە نین بەهۆی مانەوەم لەم پۆستەدا زیاتر ئازار بچێژن. ئەو بەرپرسە باسی لە سووکایەتی و هەڕەشەکان کرد، بەتایبەت ئەو رووداوەی کە کەسێک تاجەگوڵینەی پرسەی لە دەرەوەی نووسینگەکەیدا دانابوو.

پێرێز تریانۆ گوتی: شاندی حکوومەت هیچ دەسەڵاتێکی کردەیی بەسەر سنوورەکان یان هێزە ئەمنییەکاندا نەبووە و هیچ زانیارییەکی پێشوەختەشیان لەبەردەست نەبووە ئاماژە بە هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەران بۆ ناو شارەکە بدات. حکوومەتی مەدریدیش چەندبارە جەختی کردەوە، سەرەڕای ئەوەی ئاگادارکراونەتەوە لە ئەگەری پەڕینەوەی کۆچبەران، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نەبووە پێشبینیی ئەو شەپۆلە گەورەیەی سەبتە بکەن.

دادگای باڵای ئیسپانیا ئێستا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان دەکات و بڕیارە ئەم هەفتەیە گوێ لە شایەتیی سەرۆکی ئەرکانی پێشووی پێرێز تریانۆ بگرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، ئانخێل ڤیکتۆر تۆرێس، وەزیری سیاسەتی هەرێمیی ئیسپانیا، لە لێدوانێکیدا بۆ رادیۆی کۆبی رایگەیاند، مەزەندە دەکرێت هێشتا نزیکەی 3,500 کۆچبەر لە دەرەوەی ناوەندەکانی پێشوازیکردن لە سەبتە مابن.