چاوەڕوان دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئەمریکا وەڵامی ئێران بداتەوە

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران لە نیویۆرک رایگەیاند، لە چوارچێوەی پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکانیان لەگەڵ ئەمریکا، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ نێوەندگیرە قەتەریی و پاکستانییەکان کردووە. لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو بیرۆکانە کراوە کە ئامانج لێیان جێبەجێکردنی مەرجەکانی تارانە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کاتی قسەکردن بۆ رۆژنامەنووسانی ئێرانی لە نیویۆرک گوتی: "پێشتر پێشنیازێکی حەوت خاڵیی ئێران لە رێگەی نێوەندگیرێکی قەتەرییەوە ئاراستەی ئەمریکا کراوە و تاران چاوەڕێی وەڵامێکی فەرمیی واشنتنە لە رێگەی هەمان کەناڵەوە".

وەزیری دەرەوەی ئێران روونیکردەوە، لە کۆبوونەوەی دووشەممەدا لەگەڵ نێوەندگیرە قەتەرییەکە، بیرۆکەکانیان لەبارەی چۆنیەتیی ئاسانکاری و جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئێران تاوتوێ کردووە.

عێراقچی ئەوەی خستەڕوو، لایەنی قەتەری چەند بیرۆکەیەکیان پێشکەش کردووە و دوای گفتوگۆکردن لەسەریان، بیرۆکەکان جارێکی دیکە ئاراستەی لایەنی ئەمریکی دەکرێنەوە. چاوەڕێ دەکرێت وەڵامی کۆتایی واشنتن لە رێگەی نێوەندگیرە قەتەرییەکە بە تاران بگەیەندرێت و وەزیری دەرەوەی ئێران هیوای خواست وەڵامەکە تا ئەمڕۆ سێشەممە بەدەستیان بگات.

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سەردانەکەی بۆ نیویۆرک روونیکردنەوەی هەڵوێستی ئێران بووە لەبارەی جەنگ و بەتایبەتیش دۆخی گەرووی هورمز.

عەباس عێراقچی جەختیکردەوە، ئەو مەرجانەی موجتەبا خامنەیی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز دیاریکردوون، دەبێت جێبەجێ بکرێن تا رێڕەوە ئاوییەکە دەکرێتەوە.

عێراقچی روونیکردەوە، ئەرکی شاندی ئێران گەیاندنی ئەو مەرجانە بووە بە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی روون ببێتەوە ئێران پێشنیازێکی تایبەتی بۆ گەرووەکە هەیە.

ئەو بەرپرسە مەرجەکانی ئێرانی بە دادپەروەرانە و لۆژیکی ناوبرد و عێراقچی گوتی: "ئەگەر ئەمریکا بەدوای رێککەوتن یان چارەسەرێکی ئاشتییانەدا دەگەڕێت، ئێران چوارچێوەی چارەسەرێکی لەو شێوەیەی پێشکەشکردووە".

عێراقچی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختیکردەوە، سەرەڕای ئەوەی بە گوتەی ئەو جەنگ بەسەر ئێراندا سەپێنراوە و رووبەڕووی گوشار بووەتەوە، بەڵام وڵاتەکە لە گۆڕەپانی دیپلۆماسیدا دەنگ و لۆژیک و چارەسەری هەیە.