پەرلەمانتارێکی پارتی کێشەی کەمئاوی لە کۆیە چارەسەر کرد

ئاڤێستا مام یەحیا
ئاڤێستا مام یەحیا

بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی ئاوی خواردنەوە لە کۆیە، رەزامەندی لەسەر لێدانی چوار بیری ئیرتوازی لەو سنوورە درا.

ئاڤێستا مام یەحیا ئەندام پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی گوت: نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق کردووە و روونیکردووەتەوە، بەهۆی دووریی نێوان کۆیە و هەولێر کە 75 کیلۆمەترە، هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی دانیشتووان و کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە بە تایبەتی لە وەرزی هاویندا، ناوچەکە پێویستییەکی زۆری بە ئاوی خاوێنی خواردنەوە هەیە.

بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرۆسەی لێدانی بیرەکان بەم شێوەیەی خوارەوە بەسەر دوو ناوچەدا دابەش دەبێت:

یەکەم: لێدانی دوو بیری ئیرتوازی لە تەنیشت حەوزی مەحموودە لە ناوچەی هەیبەت سوڵتان.

دووەم: لێدانی دوو بیری ئیرتوازی لە تەنیشت حەوزی کێلەخوارێ لە ناوچەی حەمامۆک.

ئاڤێستا مام یەحیا، گوتیشی، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی، راستەوخۆ داوای لە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق کردووە بۆ لێدانی ئەو چوار بیرە.

ئاڤێستا یەحیا گوتی: "وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بەخێرایی رەزامەندیی لەسەر پڕۆژەکە دەربڕیوە و بە نزیکترین کات لێژنەیەکی پشکنین لەلایەن وەزارەتەوە رەوانەی ناوچەکە دەکرێت بۆ پشکنینی شوێنەکان."

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق جەختیکردەوە، پڕۆژەکە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستپێدەکات و بە جێبەجێکردنی، کێشەی کەمیی ئاوی خواردنەوە لە ناوچەکەدا بە رادەیەکی زۆر چارەسەر دەبێت.