سوپای پاسداران هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی نوێ دەکات
گوتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند، ئەگەر پێکدادانەکان شێوازێکی دیکە وەربگرن، سوپای پاسداران چەکی نوێ بەکاردەهێنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، حوسێن موحیبی گوتەبێژی سوپای پاسداران، گوتی: "دوژمنان سیناریۆی دیکەیان هەیە و ئێمە ئاگاداری ئەو سیناریۆیانەین و خۆمان ئامادە کردووە".
ئاشکراشیکرد، نامەیەکی دڵسۆزانەیان بۆ گەلی ئەمریکا نووسیوە. ئامانجیان لەو هەنگاوە، بەرەوپێشبردنی گوتاری میدیایی و ئاشناکردنی ئەمریکییەکانە بە لۆژیکی ئێران. ئەو بەرپرسە جەختیکردەوە، ئەمە هەنگاوێکی کورتخایەن نییە.
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمریکا، گوتەبێژی سوپا گوتی: "بناخەی پێکهێنانی حکوومەتی ئەمریکا لەسەر درۆ دامەزراوە". ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، ئەمریکا بە بیانووی بوونی چەکی کۆمەڵکوژ هێرشی کردە سەر عێراق و ملیۆنێک کەسیان کوشت، تەنانەت ئێستا شوێنەوارەکانی ئەو هێرشە بەسەر ئابووریی عێراقەوە قورسایی دەکات. بە گوتەی محیبی، ئەمریکییەکان دوای پشکنینی تەواوی خاکی عێراق، دانیان بەوەدا نا هیچ چەکێکی کۆمەڵکوژ لەو وڵاتەدا نییە.
محیبی رایگەیاند، بانگەشەی ئەمریکا سەبارەت بە کراوەبوونی گەرووی هورمز درۆیەکی رووتە و هەر کەشتییەکی سەرپێچیکار تووشی زیان دەبێت.
لە لێدوانێکدا بۆ SNNTV، محیبی دووپاتیکردەوە کە گەرووی هورمز داخراوە و بانگەشەی ئەمریکا لەبارەی کراوەبوونی گەرووەکە درۆیە. لیوا محێبی گوتی: "ئەوەی ئەمریکییەکان لە گەرووی هورمز و لە تاریکیی شەودا، بە خەرجکردنی پارەیەکی زۆر و بە دردەسەر و مەترسییەوە، کەشتییەکی بچووک بە شەودا تێپەڕێنن و بۆ نموونە 100 یان 200 بەرمیل نەوت هەناردە بکەن، مانای کراوەبوون نییە؛ ئەمە قاچاخ و دزییە".
محیبی روونیکردەوە، مانای کراوەبوونی گەرووی هورمز ئەو کاتە بوو کە 125 کەشتی تێدەپەڕین و رۆژانە بەلایەنی کەمەوە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمی نەوتی تێدەپەڕی، بەڵام ئێستا دۆخەکە بەو شێوەیە نییە و بۆیە گەرووەکە داخراوە.
سەبارەت بە سەلماندنی داخراوبوونی گەرووەکە، لیوا محێبی روونیکردەوە، هەر کەشتییەک بیەوێت تێپەڕێت تووشی زیان دەبێت؛ یان ئێمە لێی دەدەین یان کەشتییەکە خۆی بە میندا دەکێشێت. ئەوە مانای کراوەبوون نییە؛ کراوەبوون واتە هەموو کەشتییەکان بەبێ رێگری تێپەڕن.